بایدن داوای “ئاگربەستێکی مرۆیی کاتی” دەکات لە غەززە

هەولێر – نۆرس پرێس

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوای کرد “ئاگربەستێکی کاتی” لە غەززە بۆ رزگارکردنی بارمتەکان رابگەێنرێت، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی دەروازەی سنووری رەفح لەگەڵ میسر بۆ رزگارکردنی بیانییەکان و بریندارەکان.

دوێنێ چوارشەممە، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا لە چالاکییەکی کۆکردنەوەی هاوکاریدا لە شاری مینیاپۆلیس قسەی دەکرد، ژنێکی حاخام (پۆستێکی ئایینی جوولەکەیە) گوتی: “جەنابی سەرۆک، ئەگەر گرنگی بە گەلی جولەکە دەدەیت ئەوا ئێمە پێویستمان بە راگەیاندنی ئاگربەستە”.

بایدن لە وەڵامدا گوتی: “پێموایە پێویستمان بە وەستانێکە، وەستان واتە پێدانی کات بۆ دەرهێنانی زیندانییەکان”، دواتر بەرپرسانی کۆشکی سپی روونیان کردەوە کە مەبەست لەو ئاگربەستە رزگارکردنی ئەو بارمتانەیە کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون.

پێشتر کۆشکی سپی داوای کردبوو “ئاگربەستێکی مرۆیی” رابگەێنرێت، بۆ ئەوەی رێگە بدرێت هاوکارییەکان بگەیەنرێنە غەززە و بیانییەکان رزگار بکرێن، بەڵام تا ئێستا ئاگربەستی یەکجاریی رەت دەکەنەوە، بەو پێیەی پێیانوایە ئەوە لە بەرژەوەندی حەماسدا دەبێت.

ئەمەش دوایین لێدوانی بایدن بوو، پاش رۆیشتنی خۆی و یاریدەدەرە باڵاکانی کۆشکی سپی، کە بە درێژایی جەنگی سێ هەفتەیی لە کۆشکەکە ماونەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەوان رێگریی لە ئیسرائیلییەکان ناکەن، کە چۆن ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان ئەنجام بدەن لە وەڵامی هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن حەماسەوە.

هاوکات دەروازەی سنووریی رەفح لە نێوان غەززە و میسر بۆ چۆڵکردنی سنووردار کرایەوە، بە سەدان هاووڵاتی بیانی و دەیان فەلەستینی، کە بە سەختی بریندار بوون، دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە گەمارۆدان، رێگەیان پێدرا غەززە بەجێبهێڵن، ئەمەش هەنگاوێک بوو، کە بایدن بە هاندانی میسر گرتیەبەر.

جگە لە بانگەوازەکەی بۆ ئاگربەست، بایدن گوتی، ئەوان پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکەن و گوتیشی، “هەر لەسەرەتاوە ئەوەم کردووە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر