میلیشیا شیعەکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” جەنگ رادەگەێنن
هەولێر – نۆرس پرێس
میلیشیای بزووتنەوەی نوجەبا لە عێراق، کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانی میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێڕاق”، بانگەوازی جەنگی “ئازادکردنی عێراق”ی لە رووی سەربازییەوە راگەیاند.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ئەکرەم کەعبی، سەرۆکی بزوتنەوەى نوجەبا لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس، بانگەوازى دەستپێکردنى جەنگی لە عێراق بڵاوکردەوە، گوتیشی بڕیاریان داوە “عێراق لەڕووی سەربازییەوە ئازاد بکەن”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە لە عێراق ئامادەن بۆ کاروباری راهێنان و راوێژکاری، کە بەپێی رێکەوتنێکی فەرمییە لەگەڵ حکومەتی بەغدا.
بنکەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق بە پێی راگەێنراوی پێشووی پنتاگۆن، لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، بەڵام “مقاوەمەی ئیسلامی” لە راگەێنراوەکەیدا بەتایبەتی دیاری نەکردووە، کە مەبەستیان لە بەئامانجکردنی هێزە ئەمریکییەکانە یان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەم گرووپە عێراقییانە لەبەردەستدان، پشتیوانی ماددی لە ئێرانەوە وەردەگرن و بە ناوی جۆراوجۆرەوە سەر بە رژێمی ئێرانن، بەتایبەتیش لە لایەن سوپای قودسی سەر بە پاسدارانی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
لە راگەێنراوەکەشدا بەڵێنی بە ئامانجگرتنی نوێ لە ماوەی داهاتوودا دراوە و دەڵێت، “ئەوەی بەڕێوەیە گەورەترە”.
سەرۆکی میلیشیا عێراقییەکە نووسیویەتی، “بەرگریى ئیسلامى لە عێراق بڕیاریداوە بەشێوەى سەربازی عێراق ئازاد بکات و پرسەکە یەکلابکاتەوە”، دەشڵێ: “راوەستان و ئاگربەست و پاشەکشە نییە”.