ئێران ره‌تیده‌كاته‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هێرشی سه‌ر بنکەکانی ئەمریکاوه‌ هه‌بێت لە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشکردنە سەر بنکەكانی ئەمریکاوه‌ نییه‌ لە سوریا و عێراق.

واحیدی جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانی سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکاوە نییە لە ناوچەکەدا. ده‌شڵێت دەبێت ئەمریکا بزانێت کە کارەکانی بێ وەڵام نابێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاماژەی بە پشتیوانی واشنتن بۆ ئیسرائیل كردووه‌ لە شەڕی دژی حەماس.

ئەم لێدوانەی وەزیری ناوخۆی ئێران دوای ناوهێنانی سوپای پاسداران دێت كه‌ ده‌ستی هه‌بوبێت له‌ بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا، هەفتەی ڕابردووش ڕەمەزان شەریف وتەبێژی پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو هەندێک دەست کە ناگەنە ئیسرائیل ڕەنگە بگه‌نه‌ هێزەکانی ئەمریکا، راشیگه‌یاندبوو هەموو بنکەكانی ئەمریکا و گەشتەکانیان لەژێر چاودێریدان.

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، پنتاگۆن ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، پێگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی 27 هێرشی گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران بوونه‌تەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: محه‌مه‌د قازی