دیمەشق و مۆسکۆ جەخت لە سەر پێویستی درێژنەبوونەوەی ململانێکانی غەززە بۆ سووریا دەکەنەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا و فەیسەڵ میقداد، هاوتا سورییەکەی، جەختیان لەسەر پێویستی درێژنەکردنەوەی ململانێی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس لە غەززە بۆ سووریا و وڵاتانی ناوچەکە کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەێنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: “لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، هەردوو وەزیر سەرنجی تایبەتیان لەسەر پەرەسەندنی دراماتیکیی دۆخی ناوچەکانی کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین خستووەتەڕوو”.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بە “قبووڵنەکردنی بڵاوبوونەوەی پەرەسەندنی چەکداری بۆ سووریا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە” کرد. هەروەها هەردولا “رەتکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر خاکی سووریا” دووپاتکردەوە، کە “بەهۆی ڕووداوەکانی کەرتی غەززە ئاڵۆزتر بووە”.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند: “هەردوو وەزیر جەختیان لە مەترسی دەستێوەردانی زلهێزەکانی دەرەوە کردەوە، بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکرێتە گۆڕەپانێکی ململانێ جیۆپۆلۆتیکییەکان”.

ئەو دوو وەزیرە داوای “دەستبەجێ راگرتنی خوێنڕشتن لە کەرتی غەززە و هەنگاونان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەکلاکردنەوەی درێژخایەن لە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسیەوە، لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییە ناسراوەکان، و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش” کرد.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی