کۆبوونەوەی لەناکاوی لوتکەی عەرەبی بۆ گەنگەشەکردنی دۆخی غەززە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، جەمال رووشدی، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند کە کۆمکارەکە “کۆبوونەوەیەکی لەناکاو بەڕێوە دەبات بۆ تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی بارودۆخی غەززە لە چوارچێوەی پرسی فەلەستیندا”.
ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “ئەشرقوئەلئەوسەت” رایگەیاندووە، کە لوتکەی بەپەلەی عەرەبی لە هەمان کاتی کۆبوونەوەی لوتکەی (عەرەبی-ئەفریقی)دا لە 11ی ئەم مانگەدا لە ریاز بەڕێوەدەچێت.
دووشەممەی رابردوو ئەمیندارێتی گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رایانگەیاند، کە داواکارییەکی فەرمییان لە دەوڵەتی فەلەستین و شانشینی عەرەبستانی سعودییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی نائاسایی و لەناکاوی ئەنجومەنی کۆمکاری دوڵاتانی عەرەبی.
روونیشیانکردەوە، “ئێستا دۆخی غەززە لێکەوتەی ئازاربەخشی بۆ رای گشتی عەرەبی هەیە، هەروەها کاریگەری مرۆیی و ئەمنی بۆ سەر ناوچەکە هەیە، بەڵام لەهەمانکاتدا بەشێکیشە لە پرسی فەلەستینی، لە هەمەلایەنی و ئایندە و گەشەسەندنیدا، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لوتکەی فەلەستین ئەنجام بدرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بنرێت سەبارەت بە پرسەکە بە گشتی”.
دوێنێ سێشەممە، مەحمود ئەلهەباش، راوێژکاری سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ کاروباری ئایینی، رایگەیاند کە رەزامەندی عەرەبی هەیە بۆ بەڕێوەچوونی لوتکەی بەپەلە، کە لە لایەن سەرۆک مەحمود عەباسەوە داوا کراوە، لە 11ی ئەم مانگە لە شانشینی سعودییە ئەنجام بدرێت.