پنتاگۆن هەڕەشە لە ئێران دەکات بە “وەڵامدانەوەیەکی توند”  بۆ ئەمەش داوای بودجەی زیاتر لە وڵاتەکەی دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا داوای دابینکردنی بودجەی زیاتری بەرگری بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل کرد و لە هەمان کاتدا هەڕەشەی “وەڵامدانەوەی توند”ی کرد بەرامبەر بە هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا، بە تایبەت پاش پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئۆستین و وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن داوای بودجەیان کرد بۆ بەرگریکردن لەوەی کە بە “دیموکراسییە گەمارۆدراوەکان” وەسفی کرد، ئەمەش لە میانی دانیشتنێکدا، کە دوێنێ لە لیژنەی تەرخانکردنی سامان لە ئەنجومەنی پیران رێکخرا، سەبارەت بە داواکاری بودجەی تەواوکەری ئاسایشی نیشتمانی.

داواکارییەکان بۆ دابینکردنی بودجەی بەرگری لە کاتێکدایە کە ململانێ نێودەوڵەتییەکان لە زیادبووندایە، لەوانە پەرەسەندنی شەڕی غەززە و ترسی فراوانبوونی جەنگەکە.

لە باسکردنی هێرشەکەی حەماسدا، ئۆستین گوتی، “حەماس، کردەوە خوێناویی و دڕندەییەکانی بیردەخاتەوە، کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە لە عێراق و سووریا (داعش) لە ساڵی 2015دا ئەنجامدراون، کاتێک گروپەکە بە سەربڕین و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و سووتاندنی زیندانییەکان بە زیندوویی، هاتنە ناو عێراق و سووریاوە”.

ئۆستین بە سیناتۆرەکانی راگەیاندووە، وەزارەتی بەرگری بەردەوامە لە پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاووڵاتیانی ئەمریکی لە ناوچەکە، و گوتیشی: “لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە هێرش کراوەتە سەر کارمەندەکانمان، دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێنرێن!”.

ناوبراو ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەمریکا کرد کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لە رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامیدا، کە “ئەو ئاسانکاریانەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ دابینکردن و راهێنانی هێزە بریکارەکانی لە سووریا و عێراق”ی کردووەتە ئامانج، وەک خۆی گوتی.

ئۆستین گوتی: “ئەگەر گروپەکانی سەر بە ئێران بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئێمە درێغی ناکەین لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویستتر بۆ پاراستنی گەلەکەمان”.

گوتیشی: “داوای 10.6 ملیار دۆلار دەکەین بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی”، ئاماژەی بەوەشکرد کە بودجەی زیادە پێویستی بە 44.4 ملیار دۆلاریش هەیە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا” بۆ بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە خۆی لە بەرامبەر دەستدرێژییە بەردەوامەکانی رووسیا.”

وەزیرەکەی ئەمەریکا ئاماژەی بە جێگیرکردنی سیستمی بەرگری کرد بۆ ناوچە بەرزەکان و داوای ناردنی دژە ئاسمانی پاتریۆتی زیادتری کرد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئۆستین ناوەڕۆکی گەشتەکەی بۆ ئیسرائیل، پاش هێرشەکان بۆ سیناتۆرەکان ئاشکرا کرد و پابەندبوونی “توند”ی ئەمریکای بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە دووپاتکردەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر