“مقاوەمەی ئیسلامی” رایگەیاند کە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە سووریا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” رایگەیاند کە هێرشێکیان بۆ سەر بنکەی تەنەفی ئەمریکی لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە.

ئەم هێرشە 28ەمین هێرشە دوای ئەوەی دوێنێ پنتاگۆن رایگەیاند کە پێگەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 27 جار لەلایەن گروپە دڵسۆزەکانی ئێرانەوە کەوتوونەتە بەر هێرش.

گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” رایگەیاند کە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەی تەنەفیان کردۆتە ئامانج.

ئەم هێرشە گوماناوییە بەشێکە لە زنجیرەیەک هێرش کە لەلایەن هەمان گروپەوە بۆ سەر پیگە و شوێنەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سووریا و عێراق لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەوە لە غەززە دەستیپێکردووە.

ئەمریکا میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبار دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق”  لە راگەێنراوێکدا لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە گوتیان، “هێرشەکەی سەر تەنەف راستەوخۆ ئامانجەکانی پێکاوە”، بەبێ ئەوەی سروشتی زیانەکان ئاشکرا بکات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر