هەواڵگری تورکیا چەند دەستگیرکراوێک لە عەفرینەوە دەگوازێتەوە بۆ نێو خاکی تورکیا

عەفرین – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 9 کەسیان لە زیندانی عەفرینەوە گواستەوە بۆ زیندانەکانی تورکیا، کە لە لایەن میلیشیاکانی لایەنگریانەوە رادەستیانکرابوون، لە رێگەی دەروازەی سنووریی ئەلحەمامەوە لە گوندەواری عەفرین، بە تۆمەتی کارکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.

رۆژی دووشەممەش، هەواڵگری تورکیا چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی عەفرینیان لە باکووری شاری حەڵەب کە لە هەمان رۆژدا دەستگیر کرابوون، بۆ زیندانێکی ناو خاکی تورکیا گواستەوە.

درەنگانی دوێنێ سەرچاوەیەک لە دەروازەکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێوارەی ئەمڕۆ شورتەی عەسکەری دڵسۆز بۆ تورکیا 9 دەستگیرکراویان لە زیندانی عەفرینەوە گواستووەتەوە بۆ دەروازەی سنووریی ئەلحەمام لەگەڵ تورکیا، دواتر رادەستی هەواڵگری تورکیا کراون بۆ گواستراونەوەیان بۆ یەکێک لە زیندانەکانیان لە ناو خاکی تورکیا”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو دەستگیرکراوانە 45 رۆژ لەمەوبەر لە زیندانی عەفرین راگیراون، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بگەنە خاکی تورکیا، روونیشیکردەوە کە تۆمەتەکەیان “هاوکاریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستانە”.

لەنێو دەستگیرکراوەکاندا دوو ژنی گەنج بە ناوەکانی (هێبە جەواد 19 ساڵ)، نەوال ئەلدەروێش (22 ساڵ) هەیە، هەروەها (مەهدی و عیزەت حەلووش) و کەسی پێنجەم بە ناوی (ئەیاد ئەلکنۆ)، لەکاتێکدا بەگوێرەی سەرچاوەکە، هیچ وردەکارییەک لەبارەی رادەرستکراوانی دیکەوە نەزانراوە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی