موشەکەکانی “پاسدارانی ئێران” لە ناو ماڵە سڤیلەکانی دێرەزووردا جێگیر دەکرێن

دێرەزوور – نۆرس پرێس

پاش بۆردومانەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل، کە بارەگا و پێگەکانی ئێرانی لە سووریا کردە ئامانج، دوێنێ دووشەممە، “سوپای پاسدارانی ئێران” موشەکهاوێژی لە خاکی عێراقەوە هێنا و لەو ماڵە سڤیلانەدا لە دێرەزوور جێگیری کردن، کە پێشتر دەستیان بەسەردا گرتبوو.

ئێوارەی دوێنێ، دەزگای “تەسنیم”ی ئێرانی رایگەیاند، هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکی بارهەڵگرەکانیانی لەسەر سنووری سووریا و عێراق کردۆتە ئامانج، هەروەها “مقاوەمەی ئیسلامی” بە 15 مووشەک بۆ سەر بنکەی ئەمریکی لە کێڵگەی ئەلعومەر لە دێرەزوور وەڵامی داونەتەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازی لە سوپای پاسدارانی ئێران لە دێرەزوور، بە پەیامنێرێکی نۆرس پرێسی راگەیاند، “پاسدارانی ئێران” دەستی بەسەر ماڵی دوو هاووڵاتیی سڤیلدا گرتووە لە کەناری رووباری فورات لە شارۆچکەی تەیبەی سەر بە شارۆچکەی مەیادین، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور و موشەکهاوێژەکانیان تێدا جێگیر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی ناوی ئاشکرا نەکردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە میلیشیا ئێرانییەکان موشەکهاوێژیان لە ناو ماڵە سڤیلەکاندا لە شارۆچکەکانی تابیە و مەرات جێگیر کردووە، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

ئاماژەیان بەوەشکرد، کاروانێکی رووسی رێگری لە “پاسدارانی ئێران” کرد کە یەکێک لە راجیمەکانیان لە ماڵێکدا لە شارۆچکەی هرابش جێگیر بکەن، بەهۆی نزیکی لە بارەگایەکی رووسیا و فەیلەقی پێنجی سەر بە رووسیاوە.

ئامادەکردنی: عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی