واشنتۆن و ریاز مەترسییەکانی فراوانبوونی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێدەکەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
لە واشنتۆن، وەزیری بەرگری سعودییە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، هەوڵەکانی رێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێی بەردەوامەکانیان لە کەرتی غەززەیان تاوتوێ کرد، هاوکات باسیان لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان وڵاتەکانیان کرد.
دوێنێ دووشەممە، خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگری سعودییە، لەگەڵ جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا وتووێژیان ئەنجامدا و بڕیارە وەزیری بەرگری سعودیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دیکە لە واشنتۆن کۆببێتەوە.
سولیڤان پابەندبوونی سەرۆک جۆ بایدنی دووپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە بەرگریکردن لە هاوبەشە ئەمریکییەکان لە بەرامبەر هەڕەشەکان لە لایەنە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانەوە، ئەوانەش کە پشتگیریان لێدەکەن.
کۆشکی سپی لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو بەرپرسە جەختیان لە گرنگی رێگریکردن لە هەر جۆرە فراوانبوونێکی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس کردووەتەوە.
سەبارەت بە یەمەن، سولیڤان پێشوازی لە دابەزینی بەرچاوی پەرەسەندنی ململانێکان کرد، لە ماوەی ساڵ و نیوێکی رابردوودا، هەروەها پاڵپشتی لە هەوڵەکانی سەرکردایەتی سعودییە کردەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ بە تەواویی.
هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی بەپەلەی زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی غەززە کردەوە. هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی کارکردن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان کردەوە، بە پشتبەستن بەو هەوڵانەی کە پێشتر لە نێوان سعودییە و ئەمریکادا، لە چەند مانگی رابردوودا بەڕێوەچوون، بەپێی راگەێنراوەکەی کۆشکی سپی.
ئەم بانگەوازە لە کاتێکدایە کە دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە بەرەو خراپتر دەچێت لە ژێر رۆشنایی هەڵمەتە سەربازییە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل دژ بە حەماس، کە لە 7ی ئۆکتۆبەردا هێرشێکی گەورەی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە.
خالید دوای کۆبوونەوەکە لەسەر پلاتفۆرمی X نووسیویەتی: “جەختم لەسەر پێویستی ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە و پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و رێگەدان بە یارمەتییە مرۆییەکان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی کردەوە”.
سەرکردەکانی ئیسرائیل بەڵێنیان داوە کە حەماس لەناوببەن، دوای ئەوەی بزووتنەوەکە هێرشێکی فرەلایەنەی لە ناوخۆی ئیسرائیل دەستپێکرد و زیاتر لە هەزار و 400 کەسی کوشت.
دەسەڵاتدارانی فەلەستین دەڵێن ئیسرائیل لە ماوەی چەند هەفتەی هێرشی بەرپەرچدانەوەی کەرتی غەززەدا، زیاتر لە هەشت هەزار کەسی کوشتووە کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.
دوێنێ دووشەممە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای ئاگربەستی رەتکردەوە و فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی راگەیاند، بەڵێنیدا کە ئیسرائیل ” بەردەوام بێت لە جەنگ تا سەردەکەوێت”.
هەفتەی رابردوو محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودییە و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆخی غەززە پەیوەندییان ئاڵوگۆڕ کرد، شازادەی جێنشین داوای لە ئەمریکا کرد بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێکارەکانی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل.
بەڵام هەڵوێستی واشنتۆن لایەنگرییە بۆ “مافی” ئیسرائیل لە بەرگریکردندا لە خۆی، بەرامبەر ئەو مەترسییانەی کە بە “تیرۆر” وەسفی دەکات، بەپێی ئەوەی بەرپرسانی باڵا لە ئەمریکا لە چەندین بۆنەدا خستویانەتەڕوو.
سولیڤان و بن خالید باسیان لە هەوڵە بەردەوامەکان کردووە، بۆ بەهێزکردنی هاوبەشیی بەرگری ئەمریکا و سعودییە، کە دەیان ساڵە بەردی بناغەی سەقامگیری ناوچەکەیە.
ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر