هەولێر – نۆرس پرێس
ئه مڕۆ، دووشه ممه، ئه مریکا و کۆریای باشوور گه وره ترین مانۆڕی سه ربازی هاوبه شیان له ماوه ی ساڵانی ڕابردوودا دەستپێکرد، ئەمەش وەک هەوڵێکی هه ردووهاوپه یمان دێت بۆ خۆبەهێزکردن بەرامبەر بە کۆریای باکوور.
ئەم مانۆڕانە کە بڕیارە یەکی ئەیلول کۆتایی پێبێت، دوای ئەوە دێت کە یۆن سوک یول سەرۆکی کۆریای باشوور، کە لە مانگی ئایاردا دەستبەکاربووە، بەڵێنیدا بە “ئاساییکردنەوەی” مەشقە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی بەرگرییەکانی بەرامبەر بە نەیارەکەی کە کۆریای باکوورە.
واشنتۆن دیارترین هاوپەیمانی ئەمنی سیئۆلە، کە نزیکەی 28 هەزار سەربازی ئەمریکی لە سەر خاکی کۆریای باشوور جێگیرکراون بەرامبەر کۆریای باکووری ئەتۆمی.
ئەم دوو وڵاتە جارجارە مانۆڕی سەربازی هاوبەش ئەنجام دەدەن و هەردووکیان هەمان هەڵوێستی رێگریکردنیان هەیە بەرامبەر بە کۆریای باکوور، بەڵام ئەم مانۆڕەیان گەورەترین مانۆڕە لە دوای ساڵی 2018 ەوە.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور وتی: گرنگی ئەم مانۆڕە هاوبەشانە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی هاوپەیمانی نێوان کۆریای باشوور و ئەمریکا و بەهێزکردنی هەڵوێستی هاوبەشی بەرگرییە.
لە کاتێکدا وردەکارییەکانی مانۆڕەکە ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەزۆری بریتین لە مەشقی مەیدانی هاوبەشی وشکانی و دەریایی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان و ئەنجامدانی دژە هێرش.