بونیادنانی مۆزەخانەیەکی کەلتووری گڵین لە کۆبانێ

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ناوەندی باقی خەدۆ، بۆ ڕۆشنبیری و هونەر لە کۆبانی دەستیکردووە بە ئامادەکردنی خشتی بیناسازی گڵین بۆ بونیاتنانی مۆزەخانەیەکی کەلتووری بە مەبەستی پاراستنی کەرەستە شوێنەوارییە کۆنەکانی ناوچەکە.

کامیل حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی فۆلکلۆر و شوێنەوار لە ناوەندی رۆشنبیری لە کۆبانی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی دوو بلۆکی هاوتەریب (ساڵۆن و دوو ژووری گڵین) لە خشتی قوڕ.

حەسەن دەشڵێت، بیرۆکەی پڕۆژەکە “کۆنە”، بەڵام دۆخی ئەمنی ناوچەکە و هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا و میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆن جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی دواخست.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی ناوچەکە پێشتر لە خانووی قوڕدا دەژیان، کە لە خۆڵ و پەڕۆ (یان خشت) دروستکرابوون و خۆیان دروستیان دەکرد.

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، “ئامانجی پڕۆژەکە گواستنەوەی شوێنەواری ئەو دەڤەرەیە بۆ بارەگای سەنتەری رۆشنبیری و هونەری لە شارەکە، بۆ ئەوەی ببێتە مۆزەخانەیەک بۆ ئەو کەرەستە دێرینانەی کە لەم ناوچەیەکدا بەکارهێنراون، بەجۆرێک ئەم ئامرازە دێرینانە لەناو ئەم بینایەدا دادەنرێت بۆ پاراستنیان”.

“حەسەن” رایگەیاند، کە بیناکە تابلۆیەکی جوان دەبێت، بۆ ئەوەی لە تۆمارکردنی کلیپی گۆرانیدا بەکاربهێنرێت، بەو پێیەی ئەو هونەرمەندانەی گۆرانی نەریتی پێشکەش دەکەن، بەدەست گەڕان بەدوای ئەو بینا کۆنانەدا دەناڵێنن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرهەمهێنانی گۆرانییە فۆلکلۆرییە نەریتییەکاندا بگونجێت.

بەڕێوەبەری بەشی فۆلکلۆر و شوێنەوار باسی لەوەشکرد، تەختەیەکی گەورەی شانۆییش دروست دەکرێت بۆ پێشکەشکردنی ئێوارە کۆنسێرتی فۆلکلۆریی.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەر لە 10 رۆژ دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە، قۆناغی یەکەمیشی دوای نزیکەی 10 رۆژی دیکە تەواو دەبێت، دواتر چینێکی گڵ لەسەر بیناکە بڵاودەکرێتەوە، پاشان ستوونی دار لەسەر سەقفی ژوورەکان دادەنرێت بەبێ بەکارهێنانی چیمەنتۆ.

ئاماژەی بەوەداشدا کە 10 هەزار دۆلار بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە کە تێچووی بیناسازییە، ئەمە جگە لە کڕینی کەرەستە و مۆبیلیاتە شوێنەوارییەکان.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – مۆنتاژ: زانا العلی