رووسیا چەند “تونێلێکی نهێنی” میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلیب بۆردوومان دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ڤادیم کۆلێت، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، رایگەیاند، هێزی ئاسمانی رووسیا بنکە نهێنییە ژێرزەمینییەکانی سەر بە میلیشیا چەکدارەکانی ئیدلب و لازقییەیان بۆردومان کردووە.

چوارشەممەی رابردوو ناوەندەکە رایگەیاند کە هێزی ئاسمانی رووسیا دوو هێرشیان بۆسەر ناوچەکانی کۆبوونەوەی میلیشیا ئۆپۆزسیۆنەکان لە گوندەواری ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریا ئەنجامداوە.

کۆلێت گوتی: هێزی ئاسمانی رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانی سەر بە چەکدارانی بەشداربوو لە بۆردومانکردنی پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریا و بنکە ژێرزەمینییەکانی لازقییە و ئیدلب.

کۆلێت ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ئەنجامی هێرشی هاوەنەکانی میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەر پێگەکانی سوپای سووریا سەربازێکی سووریا کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە تیرۆر بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هێشتا هەلومەرجی مەترسیدار لە ئاسمانی سوریادا دروست دەکەن”.

کۆلێت رایگەیاندووە، “لە ماوەی رۆژێکی رابردوودا، حاڵەتێکی پێشێلکردنی پرۆتۆکۆلەکان لەلایەن هاوپەیمانییەوە تۆمارکراوە کە لە 9ی کانوونی دووەمی 2019 واژۆکراوە، کە پەیوەندی بە گەشتە ناهەماهەنگییەکانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هەیە لەگەڵ لایەنی رووسی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچەی تەنەف لە رۆژێکدا 14 سەرپێچی تۆمارکراوە لەلایەن هەشت فڕۆکەی جەنگی ئێف 15 و چوار فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “ئێم کیو1سی”ەوە.

گوتیشی، “لەڕێگەی ئەو جۆرە رێوشوێنانەوە، هاوپەیمانی بەردەوامە لە دروستکردنی پێشمەرجی مەترسیدار بۆ رووداوەکانی فڕۆکەوانی و رووداوی دیکە، هەروەها دۆخی ئاڵۆزی ئاسمانی سووریا خراپتر دەکات”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی