داعش بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلێکی سەربازی “هەسەدە”ی لە رەققە راگەیاند
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە رێگەی ئاژانسە ناسێنەرەکانیەوە رایگەیاند، کە ئۆتۆمبیلێکی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە شاری رەققە لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە سەر بە رێکخراوەکە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکەیە، بڵاویکردەوە کە بۆمبێکی چێنراو لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەوە، بە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی “هەسەدە”دا لە گەڕەکی ئەدخار لە شاری رەققە تەقێنراوەتەوە.
“ئەعماق” ئاماژەی بەوەشکرد، تەقینەوەکە زیانی بە ئۆتۆمبێلەکە گەیاندووە و شەڕڤانانی “هەسەدە” برینداربوون.
دوێنێ یەکشەممە، تەقینەوەیەک لە تەنیشت دیوارێک لە نزیک زبڵدانێکی گەڕەکی ئەدخار لە شاری رەققە روویدا، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی ماڵی و مرۆیی لێبکەوێتەوە، لایەنە ئەمنییەکانیش دیارییان نەکردووە کە ئایا بۆمبێکی دەنگیی بووە یان تەقینەوە.