سعودییە و ئێران جەخت لە “رێوشوێنی هاوبەش” دەکەنەوە بەرامبەر بە غەززە
هەولێر – نۆرس پرێس
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودییە جەختیان لە گرتنەبەری “رێوشوێنی هاوبەش” سەبارەت بە دۆخی غەززە کردەوە، ئەمەش یەکەم ئاماژەیە بۆ هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەردوو وڵات، کە ئەمساڵ نزیک بوونەوە لە کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانیان، لە رێگەی نێوبژیوانی چینییەوە.
لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشهاتەکانی پەیوەست بە کەرتی غەززەی لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی تاوتوێ کرد.
ئەو دوو وڵاتە پێشتر ناکۆکە، جەختیان لەسەر پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنی هاوبەش لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کردەوە، بۆ ئەوەی دەستبەجێ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر “خەڵکی سڤیل” لە کەرتی غەززە رابگرن.
بانگەوازەکەی ریاز و تاران دوای ئەوە هات کە هەواڵی گەشتێکی چاوەڕوانکراوی وەزیری دەرەوەی سعودییە بۆ واشنتۆن لە ئارادایە، بۆ دیداری هاوتاکەی و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکی، لە پاشخانی فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە زەمینیەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
هەروەها هەردوولا رێککەوتن لە سەر “پێشگرتن له جێبەجێکردنی پلانی ئاوارەکردنی زۆرەملێ” کە ئیسرائیل هه وڵ دەدات بەرامبەر بە خەڵکی کەرتی غەززه جێبەجێی بکات، بە پێی راگەێنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
بەر لە دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بایدن هەوڵیدا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکاتەوە بە فشارکردن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەرفراوان لەگەڵ سعودییە، کە رێککەوتنێکی مێژوویی ئاشتی نێوان شانشینی سعودییە و ئیسرائیل لەخۆبگرێت.
دوای ئەوەی ئەندامانی حەماس لە کەرتی غەززەوە دزەیان کردە ناو ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمدا، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوو.
بن فەرحان و عەبدوڵڵاهیان جەختیان لە سەر پێویستی ناردنی هاوکاری مرۆیی بەردەوام بۆ گەلی فەلەستین کردەوە.