لە گرێ سپی بە هۆی رێگاکانی بەقاچاخبردنەوە پێکدادان لە نێوان میلیشیاکانی سەر بە تورکیادا روویدا

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری گرێ سپی لە باکووری رەققە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپەکانی سەر بە “جەیش وەتەنی”دا روویدا، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، لەئەنجامی ناکۆکی لەسەر رێگاکانی بەقاچاخبردن لە ناوچەکە و بە هۆیەوە چەند هاووڵاتییەکی سڤیل برینداربوون.

لەوەتەی میلیشیاکانی “جەیش وەتەنی” سووریا لە کۆتایی ساڵی 2019ەوە ناوچەکەیان داگیر کردووە، گرێ سپی و سەرێ کانیێ لە رۆژئاوای کوردستان رووداوی شەڕی بەردەوامی نێوان میلیشیاکان بەخۆوەدەبینن، لەسەر دابەشکردنی دزیەکان، رێگاکانی بەقاچاخبردن و پێشێلکارییەکانی دیکە کە بەرامبەر بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدرێن.

شایەتحاڵانی چاودێر بە پەیامنێری نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، پاشنیوەڕۆی دوێنێ گوندی شنینە لە باشووری رۆژهەڵاتی گرێ سپی، شەڕ و پێکدادانی توندی نێوان گروپەکانی سەر بە میلیشیای “بەرەی شام” و میلیشیاکانی “سوڵتان موراد”ی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو پێکدادانانە لە ئەنجامی ناکۆکی نێوان ئەو دوو میلیشیادا، لەسەر یەکێک لە رێگاکانی بەقاچاخبردنی کۆچبەران بۆ تورکیا بووە لە ناوچەکەدا، کە لەلایەن بەرەی شامەوە کۆنترۆڵکراوە، پێکدادانەکە بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک بەردەوام بووە، بەهۆیەوە دانیشتوویەکی گوندەکە بریندار بووە.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد