لە دێرەزوور هێرش کرایە سەر چەند بارەگایەکی “هەسەدە”

دێرەزوور – نۆرس پرێس

شەوی شەممە/یەکشەممە، چەکدارانی نەناسراو هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، “هەسەدە” لە گوندەواری دێرەزوور، لە چەند رووداوێکی جیادا لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور، بە گولـلەی کەسانی نەناسراو شەڕڤانێک شەهید بوو و یەکێکی دیکەش برینداربوو.

تەوژمی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە گوندەواری دێرەزوور بەرەو هەڵکشان دەچن، هاوکات لەگەڵ چالاکیی شانەکانی داعش و هێرشەکانی لایەنە ئێرانییەکان بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە دێرەزوور.

سەرچاوەیەکی سەربازیی “هەسەدە” لە دێرەزوور رایگەیاند، چەکدارە نەناسراوەکان بە چەکی ئۆتۆماتیکی خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە”یان کردووەتە ئامانج، لە نزیک شارۆچکەی ئەلکوبەر لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان بریندار تۆمار بکرێت.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ هێرشێکی دیکە بۆ سەر دوو بارەگای هێزەکانی سووریای دیموکرات لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور، کە تیایدا چەکی ئۆتۆماتیکی و ئار پی جی بەکارهێنراوە.

هەروەها شارۆچکەکانی ئەلجەرزی و ئەبو حەردوب پێکدادانی پچڕپچڕیان، لە نێوان چەکدارە نەناسراوەکان و شەڕڤانانی بارەگاکانی “هەسەدە”دا بەخۆوە بینی، کە بەپێی سەرچاوەکە، دوای چەند خولەکێک لە هەڵهاتنی هێرشبەرەکان، دەنگی تەق و تۆقیش نەماوە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو هێرشانە زیانی گیانی و برینداری لێنەکەوتووەتەوە، زیانەکانیش تەنها لە ماڵیدا سنوردار بووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی سووریای دیموکرات هەڵمەتێکیان بۆ سەر شارۆچکەکانی گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور دەستپێکردووە، بۆ بەدواداچوون بۆ هێرشبەرەکان، دوای کۆتایی هاتنی پێکدادانەکان.

لە رووداوێکی جیاشدا، سەرچاوەیەکی سەربازی لە شارۆچکەی گرانیچ لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، کە دوو چەکداری نەناسراو بە ماتۆڕسکیلەوە بە تەقە دوو شەڕڤانی هێزەکانی “هەسەدە”یان کردە ئامانج، لە نزیک یەکێک لە رێگا لاوەکییەکانی شارۆچکەی گرانیچ.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی شەهیدبوونی شەڕڤانێک و برینداربوونی یەکێکی دیکە، کە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەیەکی مەیدانی لە شارۆچکەکە و باری تەندروستی “جێگیرە”.

تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزەکانی سووریای دیموکرات هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو رووداوانە نەداوە.

ئامادەکردنی: ماهر مستەفا/ عومەر عەبدولڕەحمان – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان