ئیسرائیل هێزەکانی حکومەت لە باشووری سووریا دەکاتە ئامانج
دەرعا – نۆرس پرێس
درەنگانی ئێوارەی دوێنێ شەممە، سوپای ئیسرائیل پێگەیەکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی حکومەتی لە گوندەواری قونەیتەرە لە باشووری سووریا کردە ئامانج.
هەروەک رۆژی هەینی پێشوو، سوپای ئیسرائیل چەند خاڵێکی لە گوندەواری دەرعا و قونەیتەرە لە باشووری رۆژئاوای سووریا کردە ئامانج.
سەرچاوەیەکی سەربازی له هێزەکانی حکومەت بە پەیامنێری نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەم بەئامانجگرتنانەی ئیسرائیل پاش هەڵدانی مووشەکێک دێت، لە لایەن یەکێک لە میلیشیا سەربازییەکانی سەر بە حکومەتی سووریاوە.
ئەو سەرچاوەیە پێی وابوو کە “میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان ئەو مووشەکەیان بە ئاراستەی کامپەکانی نیشتەجێکردنی جۆلان تەقاندووە”.
هەمان سەرچاوە رایگەیاند کە بە ئامانجگرتنەکە هیچ زیانێکی گیانی لە نێو ریزەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریادا جێنەهێشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە یەکەمجار نییە حزبوڵای لوبنان کامپەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل بەکاربهێنێت”.