بە هۆی تەشەنەسەندنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس وەزیری بەرگری سعودیە سەردانی واشنتۆن دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

بڕیارە وەزیری بەرگری سعودیە سبەی دووشەممە سەردانی واشنتۆن بکات و چاوی بە هاوتاکەی و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکی بکەوێت، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی ترسی فراوانبوونی گرژییرکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە.

بە گوێرەی ئاژانسی ئاکسیۆس، کە لە زاری بە سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستییەوە، جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری، خالید بن سەلمان ئال سعود، سبەی 30ی تشرینی یەکەم، سەردانی واشنتۆن دەکات بۆ ئەنجامدانی راوێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا.

بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە، وەزیری بەرگری شانشینی سعودییە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، لۆید ئۆستین، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە، یاریدەدەری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکی ئەمریکا، جەیک سولیڤان و ژمارەیەک سیناتۆر کۆدەبێتەوە.

بەڵام تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی بۆ ئەم سەردانە دیپلۆماسییە نەکراوە، کۆشکی سپی رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات و باڵیۆزخانەی سعودییە لە واشنتۆنیش دەستبەجێ وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە سەردانەکەی نەدایەوە، هەرچەندە بە پشتبەستن بە ململانێیکانی ئێستا و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی جەنگەکە، سەردانەکە پێشبینیکراوە.

پێش دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بایدن هەوڵیدا گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمبکاتەوە، بە فشارخستنە سەر رێککەوتنێکی بەرفراوان لەگەڵ سعودییە، کە رێککەوتنێکی مێژوویی ئاشتی نێوان شانشینی سعودییە و ئیسرائیل لەخۆبگرێت.

سەردانەکەی وەزیری بەرگری سعودیە “لە پاشخانی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە” ئەنجام دەدرێت.

دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە دزەیان کردە ناو ئیسرائیلەوە، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، دواتر دژە هێرشی بەرامبەر بە ئیسرائیلی ئەنجامدا و پریشکی ئەو هێرشە گەیشتە ناوچە سنوورییەکانی لوبنان و سووریا و میسر و تاڕادەیەکیش عێراق.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر