“مقاوەمەی ئیسلامی” بەئامانجگرتنی بنکەیەکی ئەمریکی لە حەسەکە راگەیاند

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، میلیشیای “مقاوەمەی ئیسلامی”  لە عێراق رایگەیاند، کە بە درۆن پێگەیەکی ئەمریکایان لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتە ئامانج.

ئەم هێرشە گوماناوییە بەشێک بووە لە زنجیرەیەک هێرش (بەلایەنی کەمەوە 22 هێرش) کە لەلایەن هەمان گروپەوە بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی غەززەوە لە عێراق و سووریا دەستیانپێکردووە.

پێگەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە هەردوو وڵاتی دراوسێ رووبەڕووی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک دەبنەوە، کە ئەمریکا میلیشیاکانی سەر بە “سوپای پاسدارانی ئێران” بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.

گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی” لە رێگەی ناسێنەرە ئەلیکترۆنیەکانی خۆیەوە رایگەیاند، کە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشێکیان ئەنجامداوە بۆ سەر بنکەی ئەوەی کە بە “داگیرکاری ئەمریکی” وەسفیان کردووە لە ناوچەی شەدادی لە باشووری حەسەکە.

دوێنێ شەممە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ “رێوشوێنی زیاتر” بەهۆی ئەو هێرشانەی لەلایەن گروپ و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە دەستیان پێکردووە.

ئەو لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا هات، لە کاتێکدایە کە ململانێکان لە غەززە پەرەی سەندووە و هۆشداری نێودەوڵەتیش لەسەر فراوانبوونی ئەو هێرشانە دەدرێت.

پێش ئەوەش پنتاگۆن رایگەیاندبوو، سەرەتای هەینی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشی ئاسمانییان بۆسەر دوو شوێنی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکیی بۆ سەر بنکە و کارمەندانی ئەمریکا لە ناوچەکە کە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە دەستیانپێکردووە.

“مقاوەمەی ئیسلامی” رایگەیاند کە هێرشی ئەم دواییەی شەدادی “راستەوخۆ ئامانجەکانیان پێکاوە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر