هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە خۆپیشاندانێکی نارەزامەندی دەربڕینی ئەندامانی پارتەکەیدا لە ئیستەنبوول، بەرامبەر بە ئیسرائیل و دۆخی غەززە، گوتارێکی پێشکەش کرد و بە ئیسرائیلی گوت، “تۆ داگیرکەریت”، چەند خولەکێک دوای ئەوە، ئێلی کۆهێن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڕیاریدا سەرجەم ستافی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی لە تورکیا بكشێنێتەوە.
دوێنێ شەممە، پارتەکەی ئەردۆغان، خۆپێشاندانێکی لە ئیستەنبووڵ رێکخست، تیایدا ئەردۆغان، کە ئاڵا و جەمەدانی فەلەستینی لە مل کردبوو، گوتارێکی بۆ خۆپێشاندەرانی تورکیا پێشكەشکرد و گوتی، “ئیسرائیل! تۆ داگیرکەری”.
ئەردۆغان، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە “تاوانباری جەنگ” ئەنجام دەدات و هەوڵی “ریشەکێشکردنی” فەلەستینییەکان دەدات. گوتیشی، “ئەوەی لە غەززە روودەدات کۆمەڵکوژییەکی دڕندانەیە”.
کەمێک پاش ئەوە ئێلی کۆهێن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: “بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گوتارە مەترسیدارانەی لە تورکیاوە دەدرێن، فەرمانمان کردووە بە گەڕانەوەی نوێنەرانی دیپلۆماسکارمان لەو وڵاتە بۆئەوەی پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیادا بکەین”.