لە ماوەی هەفتەیەکدا تورکیا زیاتر لە 3000 کەسى دیپۆرتى سوريا كردووه‌ته‌وه‌

ئیدلب – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ، دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 550 پەنابەری سورییان دیپۆرتکردەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو، لە ڕێگەی دەروازەکانی باب ئه‌لسەلامە، گرێ سپى و باب ئەلهەوا، لە باکووری سوریا.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بە زۆر لە خاکی تورکیاوە بۆ سوریا گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌، گەیشتووه‌ته‌ نزیکەی 3500 دیپۆرتکراو کە هاووڵاتى عێراقیشيان تێدایە.

سەرچاوەکانی ناو به‌ڕێوبه‌رايه‌تى دەروازەکانی باب ئەلسەلامە، گرێ سپى و باب ئەلهەوا ڕایانگەیاندووه‌، دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ماوەی چه‌ند كاتژمێرێكى ئەمڕۆدا زیاتر لە 550 پەنابەری سوورییان دیپۆرت کردووەتەوە، کە لە سێ دەروازەکەدا ڕادەستی گروپه‌ چەکدارەکانی سه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ره‌ کراون.

سەرچاوەیەک لە دەروازەی گرێ سپى لە باکوری ڕەقە ئاماژەی بەوەداوه‌ کە زیاتر لە 100 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە ڕادەستی گروپه‌ چەکدارەكانى سىه‌ر به‌ توركيا کراون لە دەروازەکە، دواتر گواستراونەتەوە شوێنى تر به‌مه‌به‌ستى لێكۆڵينه‌وه‌ له‌گه‌ڵيان .

لەکاتێکدا نزیکەی 190 پەنابەرى تر لە دەروازەی باب ئەلسەلامه‌وه‌ گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌. زۆرینەیان ژن و منداڵن، بە ئامانجی تەواوکردنی لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان بۆیان، گواستراونەتەوە بۆ شوێنی تایبەت.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی سەرچاوەکان، ده‌سته‌ى تەحریر شام (بەرەی نوسرە) ى پێشوو نزیکەی 250 پەنابەری بە ژن و منداڵەوە لە ڕێگەی دەروازەی باب ئه‌لهه‌وا وه‌رگرتووه‌.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنه‌وه‌: ئەحمەد عوسمان