“مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتی خۆی لە دوو هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە هەولێر و حەسەکە رادەگەێنێت و پنتاگۆن وەڵام دەداتەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ناو بنکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شاری دەوڵەمەند بە نەوتی شەدادی لە باشووری حەسەکە بیسترا.

دواتر، ئەو رێکخراوەی کە خۆی بە ناوی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” دەناسێنێت، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی مووشەکی راگەیاند کە بنکەی شەدادی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندەواری باشووری حەسەکە کردبووە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، ئێوارەی دوێنێ، هەمان رێکخراوی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” لە کەناڵی تەلەگرامەکەیەوە رایگەیاندبوو کە هێرشیان کردووەتە سەر “بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر.”

دوێنێ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لە زاری پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە شکستیان بە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانیان لە “بنکەی ئاسمانیی هەولێر” هێناوە، بێ ئەوەی مەبەستەکەی روونبکاتەوە، کە ئایا مەبەست لە بنکەی ئاسمانیی هەریرە یان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. 

پاشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەممە، سەرچاوە خۆجێییەکان لە گوندەواری حەسەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە، کە بنکەیەکی هاوپەیمانانیان لە شەدادی، 50کم باشووری حەسەکە، کردووەتە ئامانج.

رێکخراوی “مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا راگەیاندووە، کە پەیوەندییان بە پشتیوانیی ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل هەیە لە شەڕەکەی دژی گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە.

گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند “لە نێوان 17 بۆ 26ی تشرینی یەکەمدا، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لانیکەم 12 جار لە عێراق و  4 جار لە سووریا بە درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر.”

دەربارەی ناسنامەی میلیشیا ئەنجامدەرەکانی هێرشەکانەوە، رایدەر گوتی: “ناتوانم وردەکاریتان پێ بڵێم لەسەر  ئەو گرووپانەی کە بەرپرسیارێتیی خۆیان راگەیاندووە، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئێمە دەزانین ئەم گرووپانە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.”

 گوتیشی: “من رایناگەیێنم کە ئایا وەڵاممان دەبێت یان نابێت، تەنیا ئەوە نەبێت کە لە کات و شوێنی هەڵبژێردراوی خۆماندا دەیکەین، ئێمە زۆر بە روونی گوتوومانە کە مافی ئەوەمان هەیە بەرگری لە هێزەکانمان بکەین، هەموو  رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی هێز و بەرژەوەندییەکانمان لە دەرەوەی وڵات دەگرینەبەر. سەبارەت بەو گرووپانەش، ئێمە دەزانین کە میلیشیاکانی لایەنگری ئێرانن و لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و بێگومان ئێمە ئێران بە بەرپرس لەم گرووپانە دەزانین.”

لە لایەکی دیکەوە و دەربارەی وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ هیرشەکان، ئەمڕۆ هەینی، لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “سوپای ئەمریکا دوو کۆگەی چەک و تەقەمەنییان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج کە ئەو کۆگەیانە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەکارهاتوون.”

هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە: “ئەو هێرشانە لە وەڵامی ئەو زنجیرە هێرشە سەرنەکەوتووانەی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بووە کە لە عێراق و سووریا، هێزەکانی ئەمریکای لە 17ی تشیرینی یەکەمەوە کردووەتە ئامانج.”

لە راگەیێندراوەکەی وەزیری بەرگری ئەمریکادا ئەوەش هاتووە، کە “بەهۆی ئەو هێرشانەوە، بەڵێندەرێکی سەربازیی ئەمریکی گیانی لەدەستداوە و 21 سەربازیی دیکەشیان بە سووکی برینداربوون کە ئێستا هەموویان چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان”.