حەماس كوژرانی 50 دیلی ئیسرائیلی رادەگەیەنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

كه‌تیبه‌كانی ئەلقەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئه‌مڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ژمارەی دیله‌ كوژراوه‌كانی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە لە ئەنجامی بۆردومانەکەی ئیسرائیل گەیشتووەتە 50 کەس.

ئەم ڕاگەیاندنەی لەلایەن حەماسەوە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە سوپای ئیسرائیل ئاشكرای كردبوو ژمارەی ئەو کەسانەی پشتڕاستکراونەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون گەیشتووەتە 224 کەس، دوای ئەوەی ژمارەیەک له‌ كه‌س و كاری زیندانییە ئیسرائیلییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا و داوایان کرد حکومەت چارەنووسی دیله‌كان ئاشکرا بکات .

پێشتریش وتەبێژی كه‌تیبه‌كانی ئەلقەسام ڕایگەیاندبوو کە گروپه‌ فەلەستینییەکان 200 بۆ 250 دیلیان دەستبەسەر کردووە کە کەسانی بیانی و سەرباز و ئەفسەری پلە باڵایان تێدایە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ زیاتر لە حەوت هەزار کەس بەرزبووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سه‌ر به‌ حەماس کە ئەمڕۆ بڵاویکردووه‌تەوە، ئاماژەیە بۆ کوژرانی 481 کەس ده‌كات لە چەند کاتژمێری ڕابردوو به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل .

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: سەعد یازیچی