برینداربوونی دوو ئەندامی “هەسەدە” بە گولـلەی کەسانی نەناسراو لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە گولـلەی چەند چەکدارێکی نەناسراو برینداربوون، کە خاڵێکی پشکنینیان لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزووری رۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.
چالاکییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە گوندەواری دێرەزوور بەتایبەتی لە بەشی رۆژهەڵاتی لە هەڵکشاندایە و لەو ماوەیەی دواییدا ئەو رێکخراوە بەرپرسیارێتی چەندین هێرشی لە ئەستۆ گرتووە.
دانیشتوویەکی شارۆچکەی ئەلحەوایج لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “چەکدارە نەناسراوەکان بە مۆتۆڕسکیلەوە و بە چەکی کڵاشینکۆفەوە بە بازاڕی شارۆچکەکەدا دەسوڕانەوە، پاشان خاڵێکی پشکنینی هەسەدەیان لە چواردەووری بازاڕی شارۆچکەکە کردە ئامانج”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، پێکدادان لەنێوان هەردوولادا روویداوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی “هەسەدە” برینداربوون و زیانی ماڵیش بەر دوکانەکان کەوتووە و “لەئەنجامی پێکدادانەکەدا دانیشتووان بەپەلە لەبازاڕەکە هەڵهاتوون”.
دوو رۆژ لەمەوبەر چەکدارانی نەناسراو چەند بارەگا و خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور کردە ئامانج.
سەرچاوەیەکی “هەسەدە” ئاماژەی بەوەکرد، کە بەهۆی بوونی هەوڵاتییانی سڤیل منداڵ و ژنان لە بازاڕەکەدا، کە هێرشبەرەکانی لێ بوون، ئەوان خۆیان لە پێکدادانی راستەوخۆ بەدوور گرتووە.