هەولێر- نۆرس پرێس
دوێنێ ئێوارە، هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی یەکیان گرتەوە و وەک یەک حیزب و بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کار دەکەن.
هەردوو پارتەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە دا، “لە ئەمڕۆ بە دواوە کۆتایی بە تێکۆشانی بەجیای هەردوو لای دیموکرات دێت. رێکخراوە و ئۆرگان و دامەزراوەکانی هەردوو حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بەپێی رێککەوتنە دوو لایەنییەکان و رێوشوێنە دیاریکراوەکان و لەژێر رێنوێنی و چاودێریی رێبەرییەکی هاوبەشدا، لەژێر ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، یەک دەگرنەوە و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.”
رێککەوتنەکە لە نێوان مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان واژۆ کراوە.
لەدوای یەکگرتنەوەی هەردوو حیزبەکە، مستەفا هیجری بووە سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و خالید عەزیزی دەبێتە گوتەبێژی حیزبەکە. هاوکات 12 کەس دەبنە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن تاوەکو بەڕێوەچوونی کۆنگرە، کە بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا ببەسترێت.
هەروەها لەبارەی کاری داهاتوویانەوە ئاماژە بەوە دراوە، “گومانی تێدا نییە کە یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکرات، دەبێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە لە دژی رێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەدژی هەر عەقڵییەتێکی ناوەندگەرا کە فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران رەتبکاتەوە”.
حیزبی دیموکرات لە 16ی ئابی 1945 لە شاری مهاباد لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ-ک) دامەزراوە، یەکەم رێبەری حیزبەکە پێشەوا قازی محەممەد بوو، دواتر ئەحمەد تۆفیق و دوای ئەویش عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو. سەرەتا بە ناوی (حیزبی دیموکراتی کوردستان) دامەزرا، بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران).
لە دوای كۆنگرەی 13یەم، بەهۆی تێڕوانینی جیاواز لە بەڕێوەبردن، حیزبەکە جیابوونەوەی تێکەوت و بە فەرمی لە 16ی كانوونی یەكەمی 2006 حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی میدیایی لە هەولێر جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راگەیاند.
دوای ئەو جیابوونەوەیە، بۆ یەکەمجار هەردوو حیزب دوای چوار ساڵ کۆبوونەوە، دواتر کۆبوونەوەکان تاوەکو ئاستی دەفتەری سیاسی و کەسانی یەکەمی هەردوولا رۆیشت، بەڵام ئەنجامیان نەبوو.