دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی تایبەت رایگەیاند، لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەب کەوتووەتەوەکار، دوای ئەوەی تیمەکانی چاککردنەوە کارەکانیان تەواو کرد، بە کەمتر لە رۆژێک دوای ئەوەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایەوە ئامانج.
دوێنێ چوارشەممە، بۆردومانێکی ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەڵەبی لە خزمەتگوزاری راگرت، ئەوەش دوای چەند کاتژمێرێک لە وەکارخستنەوەی هات پاش بۆردومانێکی دیکەی چەند رۆژێک لەمەوبەری ئیسرائیل.
ئەو سەرچاوەیە کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە هاتوچۆ و گواستنەوەی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکەوە دەستیپێکردووەتەوە، دوای ئەوەی کادرانی دامەزراوەکە چاککردنەوەی ئەو زیانانەیان تەواو کرد، کە دوێنێ بەهۆی بەئامانجکردنی ئیسرائیلییەوە لە فڕۆکەخانەکە کەوتووە.
زنجیرە بەئامانجگرتن و هێرشەکانی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هاوکاتە لەگەڵ جەنگی خوێناویی ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماسدا.