هیومان رایتس وۆچ: بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بوونە هۆی بچڕانی ئاو و وکارەبا لە ملیۆنەها کەس
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بووەنە هۆی پچڕانی ئاو و کارەبای ملیۆنان کەس.
بەگوێرەی راگەێنراوێکی بەڕێوبەریی خۆسەریی، لەسەرەتای ئەم مانگەدا فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی دامەزراوەکانی نەوت و کارەبا و ئاویان کرد، بەهۆیەوە دەیان هاووڵاتی و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گیانیان لەدەستدا، هەروەها ژێرخانی ئابووری رۆژئاڤایان ئیفلیجکرد بۆ ئەوەی دانیشتووان ناچاربکەن ناوچەکە بەجێبهێڵن.
ئادەم کوگل، جێگری بەڕێوەبەرێتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای رێکخراوەکە، گوتی، “بە ئامانجگرتنی ژێرخانی گرنگ لە سەرانسەری رۆژئاوای کوردستان، لەوانەش وێستگەکانی کارەبا و ئاو، ناپابەندیی تورکیا پیشان دەدەن لە پشتگوێخستنی پابەندبوونیەوە بەوەی کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی قەیرانە مرۆییاکان توندتر نەکەن لە ناوچەکەدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دانیشتووانی شاری حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، کە خۆیان لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا رووبەڕووی قەیرانی سەختی ئاو بوونەتەوە، ئێستا قورسایی زیادبوونی بۆردومان و وێرانکارییان لەسەریان زیاتر بووە، ئەمەش ئازارەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئاو گەورەتر دەکات.”
تورکیا لە پاییزی ساڵی 2019 وە، ئاوی وێستگەی عەلوکی ناوبەناو لە شاری حەسەکە و گوندەوارەکانی دەبڕێت. سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
بەڕێوبەریی خۆجێی بە هیومان ڕایتس وۆچ-ی راگەیاندووە، “بەهۆی ئەم پچڕانەی ئاوەوە، کۆمەڵگا ناوخۆییەکان کە بە شێوەیەکی ئاسایی پشت بە وێستگەکە دەبەستن، لەبری ئەوە ناچارن تاڕادەیەکی زۆر پشت بەو ئاوە ببەستن کە لە رێگەی تانکەری تایبەت و رێکنەخراوەوە دەگوازرێتەوە، ئاوەکەش گرانە، جگە لەوەی زۆرجار کواڵیتی ئەو ئاوە خراپە و پشکنینی بۆ نەکراوە”، ئەمە جگە لە تێکچوونی بارودۆخی پاکوخاوێنی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو، لەنێویاندا بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە ئەیلوولی 2022دا.
پێش بۆردومانەکانی تورکیا، نەتەوەیەکگرتووەکان مەزەندەی کردبوو کە دوو لەسەر سێی دامەزراوەکانی پاککردنەوەی ئاوی وڵاتەکە و نیوەی وێستگەکانی پەمپکردن و یەک لەسەر سێی تاوەرە ئاوییەکانی لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە ساڵی 2011 ەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش قەیرانێکی سەختی ئاوی لە سەرانسەری سووریا و وشکەساڵی و کەمیی وزەی بەدوای خۆیدا هێناوە.
هێرشەکانی ئۆکتۆبەری 2023 یەکەمجار نییە، کە تورکیا بە ئەنقەست ژێرخانی سڤیل بکاتە ئامانج، بەپێی راپۆرتی هیومان رایتس وۆچ، هێرشە ئاسمانییەکان لە مانگی تشرینی دووهەمی 2022 دا زیانی زۆری بە ناوچە چڕ و ژێرخانە گرنگەکان گەیاندووە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەداوە کە “بەپێی یاساکانی جەنگ، تورکیا و لایەنەکانی دیکەی شەڕی چەکداری نابێت هێرش بکەنە سەر ئەو ژێرخانانەی کە پێویستن بۆ هێشتنەوەی دانیشتووانی سڤیل لە ژیاندا، یان لەناویان ببەن یان لەکاریانبخەن، لەوانەش دابەشکردنی ئاو و ئاوەڕۆکان”.
جەختیان لەوە کردەوە کە “پێویستە تورکیا دڵنیابێت لەوەی کە وێستگەی ئاوی عەلوک بە تەواوی توانای خۆی کاردەکات بەبێ پچڕان لە پەمپکردنی ئاودا، تیمە شارەزاکانی چاککردنەوەش بتوانن بچنە ناو وێستگەکەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و سەلامەت.”