ناردنەوەی زۆرەملێ بەردەوامە.. تورکیا 1200 پەنابەری سووری دیپۆرت دەکاتەوە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 900 پەنابەریان بۆ خاکی سووریا، لە رێگەی دەروازەکانی باب ئەلسەلامەوە و گرێ سپییەوە لە گوندەواری حەڵەب دیپۆرتکردەوە، بەمەش ژمارەی دیپۆرتکراوانی زۆرەملێ لە سەرەتای ئەم مانگەوە گەیشتە زیاتر لە 12 هەزار پەنابەر.
سەرچاوە ئیدارییەکان لە دەروازەکانی باب ئەلسەلامە و گرێ سپییەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، دوێنێ سێشەممە دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە 900 پەنابەریان بە ژن و منداڵەوە لە رێگەی دەروازەکانی باب ئەلسەلامە و گرێ سپییەوە دیپۆرتکردووەتەوە و رادەستی میلیشیا دڵسۆزەکانیان کردووەتەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، نزیکەی 250 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە رادەستی میلیشیا چەکدارەکان کراونەتەوە لە رێگەی دەروازەی گرێ سپییەوە لە باکووری رەققە و گواستراونەتەوە بۆ پەناگەکان بۆ لێکۆڵینەوە.
هەروەها نزیکەی 650 پەنابەری دیکە رادەستی میلیشیای “شورتەی عەسکەری” کراون لە دەروازەی باب ئەلسەلامە لە باکووری شاری حەڵەب، کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی داڵدەدانی تایبەت بە ئامانجی تەواوکردنی لێکۆڵینەوە ئەمنییەکانیان.
لەکاتێکدا دەروازەی باب ئەلهەوا لە باکوری ئیدلب بۆ سێیەم رۆژە لەسەر یەک هیچ حاڵەتێکی دیپۆرتکردنەوەی بەخۆوە نەبینیوە، بە هۆکاری پەیوەندیدار بە لایەنی تورکیاوە، بەپێی سەرچاوەکان.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکە دوای ئەوە هات، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەموو بەڵگەنامە تایبەتەکانی دیپۆرتکراوەکانیان کشاندووەتەوە و پەنجمۆر و چاپی چاویان لێوەگرتوون، بۆ دڵنیابوون لەوەی ناگەڕێنەوە سەر زەوییەکانیان.
سەرچاوەکانی ناو دەروازەکانی گرێ سپی و باب ئەلهەوا و باب ئەلسەلامە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی دیپۆرتکراوانی زۆرەملێ 12 هەزار کەسی تێپەڕاندووە، لە نێویشیاندا هاووڵاتییانی عێراقیش هەبووە.