پاش 13 هێرش لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە.. ئەمریکا فڕۆکەکانی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمریکا رایگەیاند کە کۆمەڵێک فڕۆکەی ئێف16 گەیشتوونەتە ناوچەی بەرپرسیارێتی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، دوای ئەوەی پێگەکانیان لانیکەم 13 جار لەلایەن گروپەکانی “سەر بە ئێرانەکانەوە” هێرشیان کراوەتە سەر.

سکرتێری رۆژنامەوانی پنتاگۆن، جەنەڕاڵ پات رایدەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمە وەک هەوڵێکە بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، یەکێکە لەو سێ ئامانجە سەرەکیانەی کە وەزارەتەکە لە دوای “هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل”، وەک خۆی دەڵێت، سەرنجی لەسەر بووە .

لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە لە غەززە، گروپەکانی “پاڵپشتی ئێران” 13 هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە کە ئەرکی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا ئەنجامدەدەن، بە گوتەی رایدەر.

گوتەبێژەکە گوتی: “دەزانین ئەو گرووپانەی ئەم هێرشانە دەستپێدەکەن، لەلایەن سوپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن”.

پێش ئەوەش کەناڵی ئەمریکی ئێن بی سی بڵاویکردەوە کە لانیکەم 24 سەربازی سوپای ئەمەریکا لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر پێگەکانی لە سووریا و عێراق برینداربوون.

رایدەر گوتی: ئەوەی دەیبینین ئەگەری پەرەسەندنی زیاترە لە دژی هێز و کارمەندانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لەلایەن هێزە هەڵسوڕێنەرەکانی ئێرانەوە.

ئەو فڕۆکانەی رەوانە دەکرێن، شانبەشانی کۆمەڵێک توانا کاردەکەن، کە وەزارەتی بەرگری لە چەند رۆژی رابردوودا رەوانەی ناوچەکەی کردووە بۆ بەرزکردنەوەی توانای هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان.

هاوکات لەگەڵ گروپی کەشتی هەڵگرەکان USS Dwight D. Eisenhower و سیستەمی ئاسمانی (Patriot و THAAD) ، واشنتۆن راوێژکاری باڵای ناردووە بۆ ئیسرائیل، لەنێویاندا جەنەراڵ جەیمس گلێنی هێزی دەریایی کە پێشتر یارمەتی سەرکردایەتیکردنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت دژی دەوڵەتی ئیسلامی داوە.

ئەم جێگیرکردنە سەربازییە بەرفراوانەش پاش ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان دێت لە کەرتی غەززە کە سەرچاوەی هێرشێکی لەناکاوی حەماس بوو لە 7ی ئۆکتۆبەردا، هەزاران کەس لەم هێرشە و بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیلدا کوژران و بریندار بوون.

رایدەر، گوتی ئەمریکا سەرنجی لەسەر پشتگیریکردنی “مافەکانی ئیسرائیلە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە هێرشەکان و رێگریکردن لە ململانێیەکی فراوانتر لە ناوچەکەدا”، جەختیشیکردەوە لەسەر نەبوونی خواستی وڵاتەکەی گۆڕینی گرژییەکان بە ململانێیەکی ناوچەیی.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر