ناتۆ بەئەندامبوونی سوێد “بە زووترین کات” تاوتوێ دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی بەشداریکردنی سوێد دەکات لە هاوپەیمانییەکەدا “لە داهاتوویەکی نزیکدا”، دوای ئەوەی سەرۆکی تورکیا داواکارییەکەی پەسەند کرد و پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد.
دوێنێ سێشەممە، ستۆڵتنبێرگ لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ئولف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە، باسی تەواوکردنی کارەکانی پەیوەستبوونی سوێدی بە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)وە کرد.
ستۆڵتنبێرگ پێشوازی لە بڕیارەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد بۆ پێشکەشکردنی پرۆتۆکۆڵی پەیوەستبوون بە پەرلەمان، کە پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا دەنگ لەسەر ئەو داواکارییە بدرێت.
ستۆڵتنبێرگ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کریستسۆن گوتی: “دوای پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکانی پەسەندکردن، ئێستا چاوەڕوانی پەسەندکردنی خێرای پەرلەمانی تورکیا دەکەین”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “بڕیارەکەی تورکیا هاوتەریبە لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی کە لە لوتکەی ڤیلنیۆس لە مانگی تەمموزدا ئەنجامدراوە”.
گوتیشی، سوێد “ئەرکی خۆی جێبەجێکردووە، بەو پێیەی دەستووری خۆی هەموارکردوەتەوە و یاساکانی گۆڕیووە و هاوکارییەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا فراوانتر کردووە و هەناردەکردنی بۆ تورکیا دەستپێکردوەتەوە.”
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەدا کە ناتۆ پابەندبوونی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی “تیرۆر” نوێکردووەتەوە، لەوانەش بە نوێکردنەوەی پلانی کارکردنی و “دانانی یاریدەدەرێکی سکرتێری گشتی بۆ ئەوەی وەک رێکخەری تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خزمەت بکات.”
سوێد و فینلاند دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوای بوون بە ئەندامیان لە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)دا کردووە، بە ئەندامبوونی فینلەند پێشتر پەسەندکرا و تەنها دۆسیەی سوێد ماوە.
تورکیا داوا لە سوێد دەکات رێکارەکانی رادەستکردنەوەی پەناخوازانی کورد کە لە سوێد نیشتەجێن، توندتر بکاتەوە. ئەنقەرە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەنگاوانەی لە دژی پارتی قەدەغەکراوی کرێکارانی کوردستان گرتوویانەتە بەر بەس نین.
تورکیا و هەنگاریا تاکە دوو ئەندامی یەکێتیی ئەورووپان کە هێشتا پەرلەمانەکانیان واژۆیان لەسەر پەیوەستبوونی سوێد نەکردووە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەی کە بە “نیگەرانییە ئەمنییەکانییە رەواکانی تورکیا” وەسفی کردووە بە شێوەیەک کە دۆسیەی ئەندامێتی سوێد بەرەو پێشەوە ببرێت.
دووپاتیشی کردەوە: “من بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی پێشوازیکردنم لە سوێد وەک هاوپەیمانێکی نوێی ناتۆ لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا”.
بەڵام هیچ چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ پەسەندکردنەکە نییە. پرۆژە یاساکە دەخرێتە بەرنامەی کاری لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانەوە، کە دەبێت پێش ناردنی بۆ ئەنجومەنی گشتی بۆ پەسەندکردنی پەسەندی بکات.
لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ سوێد، سکرتێری گشتی لەگەڵ پال جۆنسۆن وەزیری بەرگری و تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوە و کینێس جەی فۆرسلۆند جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی سویدیش کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ستۆڵتنبێرگ بەشداری لە کۆڕبەندی پیشەسازی ناتۆدا دەکات لە ستۆکهۆڵم.