ئیسرائیل پێگەکانی حکومەتی سووریای لە دەرعا بۆردوومان کرد و کوژراو و بریندار هەیە

دەرعا – نۆرس پرێس

بەهۆی بۆردوومانی هێزەکانی ئیسرائیلەوە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، کە چەند شوێنێکی سەر بە هێزەکانی حکومەتیان لە گوندەواری رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەرعا، لە باشووری سووریا کردە ئامانج، چەند ئەندامێکی هێزەکانی حکومەت کوژران و بریندار بوون.

وەزارەتی بەرگری سووریا رایگەیاند، “لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا بۆ سەر یەکێک لە خاڵەکانی سوپای سووریا لە گوندەواری دەرعا، هەشت سەرباز کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون”.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، ژێرخان و تۆپهەڵگرەکان و هاوەنەکانی “مۆرتەر”ی سەر بە هێزەکانی سوریایان کراونەتە ئامانج.

لە راگەێنراوێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” وەزارەتەکە دەڵێ، “لە کاردانەوە بە هەڵدانی مووشەکەکان لە سووریاوە بەرەو ئیسرائیل دوێنێ، فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای ئیسرائیل ژێرخانی سەربازی و هاوەنەکانی جۆری مۆرتەری سوپای سوریایان کردوەتەئامانج”.

دوێنێ سێشەممە، ئیسرائیل رایگەیاند کە تۆپخانەکانی وەڵامی تەقاندنی دوو گولـلەیان لە دیوی سوریاوە بۆ سەر جۆلان داوەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە چاودێری مووشەکەکان دەکەن لە سوریاوە بەرەو خاکی ئیسرائیل کردووە.

سەرچاوەیەکی سەربازی هێزەکانی حکوومەتی سووریا به نۆرس پرێسی راگەیاند، چەند مووشەکێک لیوای 12ی فیرقەی پێنجی هێزەکانی حکومەتیان کردووەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە چەندین تەقینەوەی لێکەوتووەتەوە کە لە گوندەکانی گوندەواری رۆژهەڵاتی دەرعا بیستراوە، هەروەها ئاگری سووتانیان بینراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کەتیبەی راداری هێزەکانی حکومەتیش لە باشووری شاری ئەزرەع بە قوورسی بۆردومانکراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کەتیبەکە بەتەواوی راگیراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئیسرائیل بۆردومانی سریەی عابدین و دەشتەکانی دەوروبەریان کردووە لە گوندەواری رۆژئاوای دەرعا.

راشیگەیاند کە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بڵاوکراوەیان فڕێداوە کە ئەندامان و فەرماندەکانی هێزەکانی حکومەتیان بە بەرپرسیار زانیوە لە بۆردوومانکردنی ئیسرائیل بە موشەک لەلایەن میلیشیا فەلەستینییەکانەوە.

ئامادەکردنی: ئیحسان محەمەد – داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی