زیانی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان زیاترە لە ملیارێک دۆلار
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان، لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، بەهای زیانەکانی ژێرخانی ئابووری، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاڤا، یەک ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت.
سەرەتای ئەم مانگە درۆنەکانی تورکیا دامەزراوەکانی نەوت و کارەبا و ئاویان لە رۆژئاڤا بۆردوومان کرد، بۆردوومانەکان لە لایەن تورکیاوە بوونە هۆی شەهیدبوونی دەیان هاووڵاتی سڤیل و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش، هەروەها ژێرخانی ئابووری رۆژئاڤایان ئیفلیجکرد و دانیشتوانەکەیان ناچارکرد ناوچەکە بەجێبهێڵن، ئەوەش بە گوێرەی راگەێنراوێکی بەڕێوبەریی خۆسەریی، کە دوای هێرشەکان بڵاوکرایەوە.
ئیبراهیم بۆ نۆرس پرێس روونیکردەوە، کۆی گشتی سەرجەم زیانەکان، بەپێی نرخە نێودەوڵەتییەکان، نرخی نەوت و غاز، وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، تێچووی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی و ئەو زیانانەی لە ئەنجامی وەستانی بەرهەمهێنانەوە دروست دەبن، بەهای زیانەکانی بە زیاتر لە یەک ملیار و 270 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی (1,270,201,782) دەخەمڵێنرێت.