کاریگەری بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر چالاکییە وەرزشییەکان لە رۆژائاڤا

دەلال ئەحمەد – قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، عەفیف ئەسعەد، بەڕێوەبەری یانەی وەرزشی بەرخودان لە هەرێمی جەزیرە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان بووەتە هۆی راگرتنی سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکان.

گوتیشی، لە ئەنجامی بۆردوومان و بەئامانجکردنی دامەزراوە گرنگەکانی رۆژئاڤا، کە بووە هۆی ئەوەی سەرجەم دامەزراوە گرنگ و خزمەتگوزارییەکان لە خزمەت دەربچن، ئەمە جگە لە شەهیدبوونی هاووڵاتییانی سڤیل و هێزە مەدەنییەکانی ئاسایش، کە بەڕێوبەریی خۆسەریی ماوەی سێ رۆژە ماتەمینی بۆ راگەیاند، “ئێمەش وەک کارگێڕ لە گۆڕەپانە وەرزشیەکاندا، لەسەر بنەمای بڕیارەکەی بەڕێوبەریی خۆسەریی، سەرجەم چالاکییە وەرزشیی و راهێنانەکانمان راگرت”.

ئاماژەدان بەوەشدا، کە بۆردوومانەکان ترسیان لە نێو یانەکاندا دروستکردووە، بەتایبەتی یانەکانی منداڵان.

یانەی بەرخودان لە ساڵی 2016دا دامەزراوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە کارەکانی، ئەمە جگە لەوەی چەندین بەش و پۆل لە ناو یانەکەدا هەیە، لەوانە بەشی تۆپی پێ، هەروەها بەسەر چوار جۆر تەمەنی جیاوازدا دابەشدەکرێن: منداڵان، تازەپێگەشتووان، پێگەشتووان و پیاوان.

سەبارەت بە بەشی پینگ پۆنگ (تێنسی سەر مێز)، کە تیمیان جیایان هەیە بۆ ئافرەتان، پیاوان، تازەپێگەشتووان، پێگەشتووان، سەبارەت بە یاری شەترەنجیش تیمی ژنان و پیاوانیشیان هەیە.

یاری بالەش بەهەمانشێوە، بەڵام ئەمساڵ یارییەکە ئاستی دابەزیووە.

یانەی بەرخودان لەڕووی رێکخستنی کارەکانی و ئەو پاڵەوانێتیانەوە، کە بەدەستی هێناوە لەسەر ئاستی رۆژئاوای کوردستان بە پلەی یەکەم دادەنرێت.

سەرەڕای ئەو هەلومەرجەی کە ناوچەکان پێیدا تێدەپەڕن لەڕووی هێرش و بەئامانجگرتنەوە، کارەکانی یانەی بەرخودان بەباشی دەڕۆن بەڕێوە.

لە 5ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە، تورکیا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی لە دێریکەوە، کە بەشی دووری رۆژئاوای کوردستانە، بۆ سەر قامشلۆ، حەسەکە، کۆبانی و گوندەواری حەڵەب لە رۆژئاڤا دەستپێکردووە و گاز، ئاو، کارەبای کردۆتە ئامانج  و دامەزراوە نەوتییەکان، بە هۆی ئەمەشەوە ئەو قوتابخانانەی کە دەکەونە سەر هێڵی سنووریی داخران، چجای کاریگەرییان لە سەر وەرزش و چالاکییە وەرزشییەکان لە رۆژئاڤا.