لە سەردانێکدا کە ئامانج لێی دەربڕینی “هاوسۆزی تەواو”ی فەرەنسایە بۆ ئیسرائیل.. ماکرۆن گەیشتە تەلئەڤیڤ

هەولێر – نۆرس پرێس

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە تەلئەڤیڤ و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کۆدەبێتەوە.

ئاژانسی فرانس24 بڵاویکردەوە، کە سەرۆکی فەرەنسا بە سەردانێک گەیشتووەتە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل، کە ئامانج لێی دەربڕینی “هاوسۆزی تەواو”ی فەرەنسایە بۆ ئیسرائیل، دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر. سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆدەبێتەوە، لەوانە بنیامین ناتانیاهۆ و ئیسحاق هێرزۆگ.

هەر بە گوێرەی ئاژانسەکە، بڕیارە سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای “پاراستنی گیانی دانیشتوانی سڤیل” لە غەززە و “ئاگربەستێکی مرۆیی” بکات بۆ ئەوەی رێگە بدرێت هاوکارییەکان بگەنە تەواوی کەرتە گەمارۆدراوەکە، لە کاتێکدا کە پەرەسەندنی بێ وێنەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ئەمڕۆ سێشەممە پێدەنێتە ناو 18هەمین رۆژی خۆیەوە، زیاتر لە شەش هەزار کەس لە هەردوولا بوون بە قوربانی .