ئەفسەرێکی پێشووی سوپای ئەمریکا بۆ نۆرس پرێس: پێویسته بۆ ماوەیەکی درێژ لە سوریا بمێنینەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەفسەرێکی پێشوو له سوپای ئەمریکی ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپات له مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكاته‌وه لە ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ.
لوک کالهۆن ئەفسەری پێشوو له سوپای ئەمریکا ، لە میانی به‌شداربوونی له بەرنامەی (واشنۆن ئۆنڵاین) کە لەلایەن تۆڕی نۆرس پرێسه‌وه لە پایتەختی ئەمریکاوە پەخش دەکرێت، باسی لە بە ئامانجگرتنی ئەم دواییەی تورکیا بۆ رۆژئاوای كوردستان كرد.
لەم مانگەدا تورکیا دامەزراوە و ژێرخانە گرنگەکانی له رۆژئاوای كوردستان کردە ئامانج، بەو هۆیەوە دەیان مەدەنی و کارمەندی هێزه ئه‌منییه‌كان شه‌هیدبوون و بۆردومانەکەش زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە کە لەلایەن به‌ڕێوبه‌ری خۆسەری بە ملیۆنان دۆلار خەمڵێندراوە.
کالهۆن ئاماژەی بەوەکرد، کە داعش هێشتا ماوه و مەترسییەکی ڕاستەقینەی دروستکردووە، وەزارەتی بەرگری ئه‌مه‌ریكاش دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ بوونی هێزەکانی درێژبکاتەوە و بەرەنگاری شانەکانی ڕێکخراوی داعش ببێتەوە، ئەمەش شتێکی گرنگە لە ڕوانگەی پنتاگۆنەوە.
ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پێشووی سوپای ئه‌مه‌ریكا ده‌شڵێت، پێویستە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، به حکومەتی تورکیا بڵێت کە ئەم هێرشانە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی هەیە، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر شەڕی دژی تیرۆر هەیە.
بە وتەی کالهۆن ، ئەم هێرشانە خه‌ڵكی مەدەنی و دامەزراوەكانی کارەبا و بەنداو و ژێرخانی گرنگی لە رۆژئاوای كوردستان کردە ئامانج. ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو داعش بەتەنیا مەترسی نییه بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، به بڕوای ناوبراو، بوونی هه‌ژموونی ئێران له سوریا، له مه‌ترسییه‌كانی داعش کەمتر نییه.