چین هۆشداریی دەدات لە جەنگێکی هەرێمی کە سووریا و لوبنان تێیدا بەشدار دەبن

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، پەکین هۆشدارییدا لە پەرەسەندنی مەترسییەکانی ململانێکانی غەززە  و گۆڕانی بۆ جەنگێکی هەرێمی، کە سووریا و لوبنان تێیدا بەشدارن و داوای کرد رێوشوێنی خێرا بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی کارەساتی مرۆیی روونەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە، میدیا فەرمییەکان لە زاری نێردەی تایبەتی چینەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایانگەیاند، کە چین دۆخی غەززە بە “مەترسییەکی گەورە” دەزانێت، ئەوەش پاش پەرەسەندنی مەترسیی جەنگی زەمینی بەرفراوان و بڵاوبوونەوەی ململانێ چەکدارییەکان بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان ئەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ژای جون، نێردەی چین، کە سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردبوو رایگەیاند، کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرەو فراوانبوون دەچن، لەگەڵ تەشەنەسەندنی ململانێکان بەدرێژایی سنووری ئیسرائیل و لوبنان و سنووری ئیسرائیل و سووریا، “ئەمەش وایکردووە کە پێشبینیەکان جێگەی نیگەرانی بن”، وەک ئەو باسی کردووە.

ژای داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد “لەو بارەیەوە زۆر بەئاگابن” و رێوشوێنی خێرا بگرنەبەر بۆ داواکردن لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بە توندیی پابەندبن بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانەوە و لە هەمان کاتدا دوورکەونەوە لە کارەساتێکی مرۆیی جددی و “هەوڵی هاوبەش بدرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە”.

بەپێی ئەوەی میدیاکانی چین لە زاری بەرپرسەکەوە بڵاویانکردووەتەوە، پەکین پشتیوانی ئاگربەست و گەڕاندنەوەی ئاشتی و هەروەها پەرەپێدانی چارەسەری دوو دەوڵەتی و گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەردەوامی ململانێکان دەکات.

هەفتەی رابردووش، ئەو دیپلۆماتکارە چینییە هۆکاری قەیرانی نێوان ئیسرائیل و غەززەی بۆ نەبوونی گەرەنتی بۆ مافەکانی فەلەستینییەکان گەڕاندەوە، کاتێک لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی لە قەتەر کۆبووەوە بۆ ناوبژیوانی ململانێکە.

ژای، بەر لە گەشتەکەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیرانی وەزارەتەکانی دەرەوەی فەلەستین، ئیسرائیل، میسر، سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و نەرویج، هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی تایبەت لە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا، ئەنجامداوە.

ژای ئاماژەی بەوەشکرد، چین بەردەوام دەبێت لە پاراستنی پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەنێویاندا وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بۆ بەرزکردنەوەی هەماهەنگی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر