ئاسایشی رۆژئاڤا برینداربوونی ئەندامێکیان راگەیاند

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایشی رۆژئاڤا) رایانگەیاند، بەهۆی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلەکەیانەوە، لەسەر رێگای نێوان شارۆچکەی هۆل و حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، یەکێک لە ئەندامەکانیان بریندار بووە.

ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی رۆژئاڤا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، دوێنێ یەکشەممە، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکەیان بە چەکی کڵاشینکۆف لەسەر رێگای نێوان شارۆچکەی هۆل و تل بوراک کراوەتە ئامانج.

بە ئامانجگرتنەکە بووەتە هۆی ئەوەی ئەندامێکی ئاساییش بریندار بێت و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

بە گوێرەی راگەێنراوەکە، دەزگای ئاسایشی گشتی رۆژئاڤا دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوەیەکی فراوان و ئاشکراکردنی شوێنی بەئامانجکردنەکە، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی تاوانباران و پێشکەشکردنیان بە دەسەڵاتی دادوەری. ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : رووبین عومەر