بەرپرسێکی ئەمنی رووسی باس لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی عەرەبی دەکات دژ بە ئیسرائیل
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ئەدالبی شاخاگۆشێڤ، ئەندامی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی “دۆما”ی دەوڵەتی رووسیا رایگەیاند، کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی “رەنگە هاوپەیمانییەکی سەربازی دژی ئیسرائیلی لێبکەوێتەوە”.
دوێنێ یەکشەممە، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا، ڤادیم کۆلێت رایگەیاند کە 7 فڕۆکەی ئیسرائیلی لە ئاسمانی دەریای ناوەڕاستەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق و حەڵەبیان کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان لەکارکەوتوون.
هەروەها ناوچەکانی باشووری لوبنان تووشی تۆپبارانی تۆپخانەکانی ئیسرائیل بوون و شارۆچکەکانی یارین و ئەلبوستان و ناوچەی وادی عەوید لە بەشی رۆژئاوای باشووری لوبنان کراونەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا توندوتیژییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل پەرەیسەند.
شاخاگۆشێڤ ئاماژەی بەوەدا کە “ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر فڕۆکەخانەکانی سووریا و هێرش دەکاتە سەر لوبنان”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سوپای ئیسرائیل “هەماهەنگی” جموجۆڵەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر سووریا و لوبنان و وڵاتانی دراوسێ، رەنگە ئەمە ببێتە هۆی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سەربازی لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا”.