ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی پرۆتۆکۆڵەکانی “خۆپاراستن لە بەریەککەوتن” لە سووریا تۆمەتباردەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا، ڤادیم کۆلێت رایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سووریا، لە ماوەی دوێنێدا 4 جار پرۆتۆکۆلی “خۆپاراستن لە بەریەککەوتن”ی پێشێل کردووە.

هەینی رابردوو کۆلێت رایگەیاند، کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی سووریا پرۆتۆکۆلی “خۆپاراستن لە بەریەککەوتن”ی پێشێل کردووە.

کۆلێت گوتی، “4 حاڵەتی پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵەکانی خۆپاراستن لە بەریەککەوتن لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە لە کۆتا رۆژدا تۆمارکراوە، ئەمەش لە پاشخانی گەشتەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی رووسیادا نەبووە”.

ناوبراو رایگەیاند، “لە ئاسمانی شاری تەنەف، کە هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی تێیدا تێدەپەڕن، 10 پێشێلکاری ئاسمانی لە سووریا لەلایەن دوو فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 و شەش فڕۆکەی جەنگی ئێف 15 و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری MQ-1C تۆمارکراون”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : محەمەد ئەلقازی