روبەڕووبوونەوەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە مەخموور.. سوودانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، بەھۆی ناکۆکی لەسەر پرکردنەوەی ئەو سەنگەرانەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکە چۆڵیانکردن، لە چیای قەرەچوغ سەر بە قەزای مەخمووری شاری هەولێر، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە روویدا و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە “شەھید و بریندار لە هەردوولا هەیە”. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ بەدواداچوون لە رووداوەکە پێکھێنا.

لە بارەی روبەڕووبوونەوەکە، ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، “رووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور روویدا و لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە.”

بە بێ ئەوەی ژمارەی شەهید و بریندارەکانی بڵاوبکاتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، “ئێمە پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دووپات دەکەینەوە لەپێناو چارەسەرێکی ریشەیی و بەردەوام کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدیبهێنێت”.

بەڵام ئاژانسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویانکردەوە، کە دوێنێ پێشمەرگەیەک شەهید بووە، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە “عەقید عەبدولقەهار جەوهەر” لە هێزەکانی پێشمەرگە شەهید بووە؛ هەروەها چەند پێشمەرگەیەکیش بریندارن، لە سوپای عێراقیش دوو سەرباز کوژراون و شەشی دیکەش بریندار بوون.

لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانیکردووە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی باڵا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە روبەڕووبوونەوەکەی چیای قەرەچووغ لە سنووری مەخموور، کە لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا روویاندا.

راشیگەیاندووە، کە سوودانی داوای لە سەرجەم فەرماندەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردووە دان بەخۆیاندا بگرن و دەڵێت، “پێویستە ھەمووان ژیرانە مامەڵە بکەن و سەرنج بخەنەسەر کاری پێکەوەیی و بەرژەوەندییە باڵاکان بپارێزن و کارێک نەکەن دوژمن و نەیارانی عێراق دڵخۆش بن”.