وەزارەتی دەرەوەی سووریا: دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بەرەنجامی شکستیانە لە بەرامبەر پشتیوانی سووریا بۆ دۆزی فەڵەستین
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی سووریا رایگەیاند، “بەردەوامیی ئیسرائیل لە هێرشە تاوانکارییەکانی، بەڵگەی زیاترە بۆ شکستی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر هەڵوێستی چەسپاوی سووریا و رێبازی پشتیوانیکردن لە دۆزی گەلی فەلەستین”.
بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە، ئیسرائیل فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی دیمەشق و حەڵەبی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق و حەڵەبی لەکارخران، ئەمەش کەمتر لە هەفتەیەک دێت پاش وەگەڕخستنەوەیان.
وەزارەتەکە لە راگەێنراوەکەدا دەڵێ: “بۆ سێیەم جار لەسەریەک و لە ماوەی نزیکەی یەک هەفتەدا، کاتژمێر 5:25 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی تشرینی یەکەم، قەوارەی زایۆنی داگیرکەر، هێرشی ئاسمانی دەستپێکرد، کە بووە هۆی کوژرانی کرێکارێک و برینداربوونی کرێکارێکی دیکە و هەردوو فڕۆکەخانەکە جارێکی دیکە لە خزمەتگوزاری دەرچوون”.
وەزارەتەکە هۆشداریدا “لە دەرئەنجامەکانی بەردەوامیدان بەم هێرش و کردەوانە، کە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان دەکەن و ناوچەکە دەخەنە ناو بازنەیەکی فراوانتری توندوتیژییەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە”.