یاساناسەکانی قامشلۆ لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی پێشێلکارییەکانی تورکیا لە رۆژئاڤا پێکدەهێنن

قامشلۆ  – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، پارێزەران گفتوگۆی دووفاقییەتی پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیان کرد، سەبارەت بە پرسی سووریا و پرسە جیهانییەکان، لە کۆتایی گفتوگۆکانیاندا، لیژنەیەکیان پێکهێنا، بۆ بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی “پێشێلکارییەکان” بەتایبەتی لە لایەن تورکیاوە.

 ئەو گفتوگۆیانە لە میانی کۆڕبەندێکی دیالۆگیدا هات، کە لە هۆڵی میریلاند لە شاری قامشلۆ و لە ژێر دروشمی “تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەپێوەری یاسا نێودەوڵەتییەکان لە 4 تا 10ی تشرینی یەکەمی 2023” بەڕێوەچوو.

لە میانی کۆڕبەندەکەدا، بەشداربووان تیشکیان خستە سەر ئەو “دووفاقیەی” کە نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە پرسەکانی جیهان پەیڕەوی لێدەکات، هەروەها هەڵوێستی نەرێنیان بەرامبەر بە پرسی سووریا، بەتایبەت دەربارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.

هەروەها هەڵوێستی نەرێنی حکومەتی دیمەشق و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و رووسیا بەرامبەر بە “دەستدرێژیەکانی” دەوڵەتی تورکیا بەشێکی گرنگ بوون  لە گفتوگۆکانی کۆڕبەندەکە.

کۆتایی کۆڕبەندە یاساییەکە بە دەرکردنی چەند پێشنیارێک کۆتایی هات، لە رێگەی بەشداریکردن و گفتوگۆی ئامادەبووانەوە، لەوانە: “پێکهێنانی لیژنەیەکی بەدواداچوون کە لە کۆڕبەندەکەوە سەرچاوە بگرێت بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕاسپاردەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەڕێوبەریی خۆسەریی و هێزەکانی سوریای دیموکرات”.

هەروەها، “چڕکردنەوەی هەوڵە یاساییەکان، بە مەبەستی ئامادەکردنی دۆسیەیەک لەسەر ئەو “پێشێلکاریانەی” کە تورکیا لە رۆژئاڤا ئەنجامی دەدات”. هەروەها “پێکهێنانی دەزگایەکی باوەڕپێکراو کە کاربکات بۆ بەبەڵگەکردنی وردی “پێشێلکارییەکان” و بەدواداچوونیان لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکاندا”.

ئەمە جگە لە سەرکۆنەکردنی پەسەندکردنی بنەما “دووفاقییەکانی” کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە مامەڵەکردنیان لە گەڵ رۆژئاوای کوردستاندا.