بەهۆی رەتکردنەوەی پێدانی سەرانە.. میلیشیاکانی سەر بە تورکیا دەستدرێژی دەکەنە سەر خاوەن کارگەیەکی زەیتی زەیتوون

عەفرین – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، ئەندامانی میلیشیای سوڵتان مورادی سەر بە جەیش وەتەنی دڵسۆز بۆ تورکیا هێرشیان کردە سەر خاوەنی کارگەیەکی زەیتی زەیتون و کرێکارەکانی لە ناحیەی شەڕان لە گوندەواری عەفرین لە بەشە داگیرکراوەکەی رۆژئاڤا، لەبەر‌ئەوەی ئامادە نەبووە سەرانە بدات بە میلیشیاکە، کە بەسەر جوتیاران و خاوەنکارەکانی ئەو ناوچەدا دەیسەپێنن.

 لە سەرەتای وەرزی دروێنەکردنەوە، لە کۆتایی مانگی رابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا، نۆرس پرێس لە ڕێگەی پەیامنێرەکانییەوە چاودێری وەرگرتنی “سەرانە” دەکات بە دۆلار بەسەر جووتیاراندا لە لایەن میلیشیاکانەوە، بەرامبەر ڕێگەدان بە دروێنەکردنی بەرهەمەکانی زەیتوون.

 دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، لە نزیک سەنتەری ناحیەی شەڕان، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری عەفرین، گروپێکی حەوت کەسی بە توندی دەستدرێژییان کردووەتە سەر خاوەنکارێک و سێ لە کرێکارەکانی.

 ئەوەشیان خستەڕوو، ئەندامانی میلیشیاکە داوایان کردووە خاوەنی کارگەکە پارەی سەرانەی ساڵانەی سەپێنراو بدات، بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە ئەو کارە بکات، بۆیە بە شێوەیەکی دڕندانە لەبەردەم دەیان کەس لە گۆڕەپانی کارگەکەدا لێیانداوە.

 بەگوێرەی سەرچاوەکانی نۆرس پرێس، میلیشیاکە باجی جۆربەجۆر بەسەر سەرجەم کارگەکانی ناوچەکەدا دەسەپێنێت، کە لە سەرەتای هەر ساڵێکدا لە نێوان 250 بۆ 500 دۆلاری ئەمریکیدا خۆی دەبینێتەوە، ئەمە جگە لە باجی دیکە لەسەر جووتیاران لە کاتی دروێنەکردندا.

 ئامادەکردنی: موئەیەد الشێخ – داڕشتنەوەی:: مالین محەمەد