لە وەڵامی هێرشەکاندا.. واشنتۆن پشتیوانی سەربازیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاودەکاتەوە
هەولێر– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەمریکا جێگیرکردنی توانا سەربازییە نوێیەکان، لەنێویاندا سیستەمی بەرگری ئاسمانی، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر پێگەکانیان لە ناوچەکەدا.
پێش ئەوەش ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا بڕێکی بەرچاو هێزی دەریایی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، لەنێویاندا دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر و کەشتییە پاڵپشتییەکانیان و نزیکەی دوو هەزار هێزی مارێنز هەبوون، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژییە ناوچەییەکان لە پاش هەڵگیرسانی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە.
لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، زنجیرەیەک هەنگاوی نوێیان گرتووەتەبەر “بۆ بەهێزکردنی پێگەی وەزارەتی بەرگری لە ناوچەکەدا، دوای گفتوگۆی ورد لەگەڵ سەرۆک بایدن سەبارەت بە پەرەسەندنی ئەم دواییەی ئێران و هەڵسوڕێنراوەکانیانەوە لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.
جگە لەو هێزە نوێیانە، بە پشتبەستن بە فەرمانی ئامادەکاریی بۆ جێگیرکردن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەیان بدات، وەزیرەکە رایگەیاند کە وڵاتەکەی سیستەمی بەرگری مووشەکی بەرزی (THAAD) و کەتیبەی زیادەی سیستەمی مووشەکی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرن.
واشنتۆن لە ئامادەباشییەکی بەرزدایە بۆ وەڵامدانەوەی چالاکییە پێشبینیکراوەکانی گروپەکانی سەر بە ئێران و پێشتریش دژ بەو چالاکییانە بنکەکانیان لە سووریا و عێراق چالاک کردبووەوە.
ئۆستین گوتی: “ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی هەوڵەکانی خۆپاراستنی ناوچەیی، زیادکردنی پاراستنی هێز بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و یارمەتییەک بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل”.