دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق لە ماوەی ئەمساڵدا 250 ئۆپەراسیۆنی دژ بە “داعش” ئەنجامداوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق، ئاماری ئۆپراسیۆنەکانیان لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئاشکرا کرد و بە گوێرەی دەزگاکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، رێڕەوی ئۆپەراسیۆنەکانیان بەرەوپێشەوە رۆشتووە.

ئاژانسە ناوخۆییەکانی عێراق لە زاری سەباح ئەلنوعمان، گوتەبێژی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە بڵاویانکردەوە، دەزگاکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 250 ئۆپەراسیۆنی دژ بە “داعش”ی بە بەکارهێنانی “تاکتیکی جیاواز” ئەنجامداوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکان لە بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا چڕبوونەتەوە، بە تایبەت لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکانی دیالە، کەرکوک و سەڵاحەدین، فراوانیش بوون بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار، بۆ راوەدوونانی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.

ئاشکراشیان کرد، لە دەرئەنجامی ئۆپراسیۆنەکاندا لە ماوەی ئەمساڵدا، 45 ئەندامی “داعش” کوژراون، 110ی دیکەش دەستگیرکراون، کە چەند سەرکردەیەکی رێکخراوەکەیان تێدایە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوک.

هەر بە گوێرەی لێدوانی گوتەبێژی دەزگاکە، زۆربەی دەستگیرکردنەکان بە “هەماهەنگی باڵای هەواڵگری” بوون لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆر و بەڕێوبەرایەتی ئاسایش لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی.