بۆ جاری دووهەم لە ماوەی هەفتەیەکدا.. هێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لە عێراق

هەولێر  – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، لە رۆژئاوای عێراق، کە سەربازانی ئەمریکای تێیدا بوونیان هەیە، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتووەتەوە، ئەمەش دووهەم جارە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هێرش بکرێتە سەر ئەو بنکەیەی ئەمریکا.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، کە بە “دوو درۆن” هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئەمریکی عەین ئەسەد، یەکێکیان لە هێرشەکان بەرپەرچدراوەتەوە و درۆنەکە خراوەتە خوارەوە، هێرشی دووهەمیان بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکیەوە کەوتووەتە خوارەوە بێ ئەوەی زیانی لێ بکەوێتەوە.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ،  گرووپی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە بە “حەماسی عێراق” ناسراون، لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، نیوەڕۆی رۆژی شەممە هێرشێکی درۆنییان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد.

لەمدواییانەدا و پاش پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و یەمەن زیادیانکردووە، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی “داعش” لە عێڕاق رووبەڕووی پێنج هێرش بوونەتەوە، لە هەریەکە لە بنکەکانی عەین ئەسەد و بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا.

ئێوارەی پێنجشەممەی رابردووش، لە لایەن گروپێکەوە بە ناوی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” کە بە حەماسی عێراق ناسراوە، بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر هەمان بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد.

پێشتر راپۆرتێکی نۆرس پرێس، تیشکی خستە سەر ئاستی هەڕەشەکانی ئێران، لە رێگەی بریکارەکانییەوە، بۆ سەر پێگە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شرۆڤەکارێکی عێراقی پێشبینی زیادبوونی ئەو جۆرە هێرشانەی کردبوو.