
“هەسەدە” بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە گوندەواری تەل تەمر ڕادەگەیەنێت
تەل تەمر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، سێشەممەی ڕابردوو سێ بنکەی سەربازی تورکیایان لە گوندەواری تەل تەمری باکووری حەسەکە کردۆتە ئامانج.
“هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، “لە چوارچێوەی مافی وەڵامدانەوەی شەرعی بۆ هێرشەکانی داگیرکەری تورکیا و میلیشیاکانی، “هەسەدە” لە بەرواری 17/10/2023 چەند ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتمان لەدژی هێزەکانی تورکیا لە گوندەکانی ( ئەربەعین و عالمیە و مناجیر)ی گوندەواری تەل تەمر ئەنجامداوە”.
لە سەرەتای مانگی رابردودا تورکیا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و ژمارەیک خەڵک بونە قوربانی و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابووری بۆردومانکران و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دانشتوانی ناوچەکە بێ ئاو و کارەبا بون.
هێزەکانی هەسەدە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، کە جەندین سەربازی تورکیا کە لەوبنکانەدا بوون بریندار بوون.