ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا “یوفا” سەرجەم ئەو یاریانەی کە بڕیاربوو لە ئیسرائیل ئەنجامبدرێن، تا کاتێکی نادیار هەڵپەسارد و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ جەنگی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، “دوای هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەن بۆ دۆخی سەلامەتی و ئاسایش لە سەرانسەری ئیسرائیل، بڕیاردرا ئەو یارییانەی پاڵەوانێتییەکە، کە لەو وڵاتە ئەنجامدەدرێت، تا کاتێکی نادیار هەڵپەسێردرێت”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیان خستووەتەڕوو، سەرجەم ئەو یانانەی ئیسرائیل کە بەشدارن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، وەک یانەکانی “ماکابی حەیفا” و “ماکابی تەلئەڤیڤ”، بۆ ئەو یارییانەی کە بڕیار بوو لەناو یاریگای خۆیان لە ئیسرائیل ئەنجامیدەن، پێویستە پێشنیازی یاریگایەکی دیکە بکەن لە دەرەوەی ئەو وڵاتە”.