بەئامانجگرتنی دوو ئەندامی “هەسەدە” لە گوندەواری دێرەزوور
دێرەزوور – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، لە رێگەی ناسێنەرە نزیکەکانی خۆیەوە، بەرپرسیارێتی لە بەئامانجگرتنی دوو ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە”، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، سەرقاڵی هەوڵەکانیانن بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە سووریا و چەند رۆژێک لەمەوبەر رایانگەیاند، کە یەکە تایبەتەکانی دژە تیرۆر چوار ئەندامی شانەکانی رێکخراوەکەیان لە شارۆچکەی شوحەیل لە باشووری گوندەواری دێرەزوور، دەستگیرکردووە.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوەوە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارەکانیان بە دەمانچە دوو ئەندامی “هەسەدە”یان کردووەتە ئامانج، کە بە سواری ماتۆڕسکیلەوە بوون، لەسەر رێگای شارۆچکەی سوبحە لە ناحیەی بەسیرا لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
شانەکانی رێکخراوەکە شەڕڤانانی “هەسەدە” و کارمەندانی بەڕێوبەریی خۆسەریی و کەسایەتیی هۆزەکانی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، هەفتەی رابردووش ئەنجومەنی سەربازیی هەجینی سەر بە هێزەکانی “هەسەدە” هەڵوەشاندنەوەی ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراویان راگەیاند، کە بۆ تەقینەوە ئامادەکرابوو “لەلایەن کەسانی نەناسراوی سەر بە گروپە تیرۆریستییەکانەوە راگیرابوو”.
ئەعماق ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجکردنەکە بووەتە هۆی شەهید بوونی یەکێک لەو دوو ئەندامە و برینداربوونی ئەوی دیکەیان.
هێزەکانی سوریای دیموکرات تا ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەکە، هیچ لێدوانێکیان لەسەر رووداوەکە نەداوە.